19 گۆرانیبێژی میسری رێی گۆرانیگوتنیان پێ نادرێت

:: AM:10:14:18/11/2021 ‌

بەپێی بڕیاری سەندیكای موزیكوانانی میسر كە هونەرمەند هانی شاكر نەقیبی ئەو سەندیكایەیە، رێ بە 19 گۆرانیبێژ لەو وڵاتەدا ناودارن گۆرانی لە ئاهەنگی شەوانە و تەنانەت لە فێستیڤاڵەكانیشدا بڵێن، بەهۆی نەبوونی مۆڵەت لەڕێی سەندیكاوە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، ئەو بڕیارەی بۆ قەدەغەكردنی گۆرانیگوتن لەلایەن ئەو 19 گۆرانیبێژەوە لە سەندیكای موزیكوانانی میسر دەرچووە، بە واژووی نەقیبی سەندیكا هانی شاكر بووە. ئاماژە دراوە كە چەند جارێك ئەو گۆرانیبێژانە ئاگادار كراون مۆڵەتەكانیان نوێ بكەنەوە، بەڵام فەرامۆشیان كردووە.

بەپێی بڕیارەكەی سەندیكا، گۆرانیبێژەكان پێكهاتوون لە حەمو بیكا، حەسەن شاكوش، كزبرە و حەنجەرە، مستەفا زەكەریا كە بە "موسلیم" ناسراوە، ئەبو لێلە، ئەحمەد قاسم كە بە "فیلۆ" ناسراوە، ئەحمەد مۆزە، حەمۆ تێخە، ریسا كۆستا و سەمارە، شەواحە، ولاد سەلیم، عیسابە، زەعیم، عەلا فیفتی، تیپی كەعب عالی، مەنجی شتە، وزە، وەشكل و عەمرو حاحا.

دواتریش سەندیكاكە لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی داوە، لەناو ئەو گۆرانبێژانە حەسەن شاكوش بەبڕیاری نەقیب و ئەنجوومەنی باڵای سەندیكاكە، بە یەكجاری لە گۆرانیگوتن دوور دەخرێتەوە. هاوكات ئەو گۆرانیبێژە زۆر هەوڵی داوە چارەسەری كێشەكەی بكات، بەڵام وەڵام نادرێتەوە، بێ ئەوەی سەندیكاكە لە بەیاننامەكەیدا هۆی سزاكەی ئاشكرا بكات.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د