"نانی پیرۆز"ی رەحیم زەبیحی لە فێستیڤاڵی دهۆك نمایش دەكرێت

:: AM:10:29:18/11/2021 ‌
‌فیلمی دۆكیۆمێنتاری "نانی پیرۆز" لە دەرهێنانی رەحیم زەبیحی و لە بەرهەمهێنانی توورەج ئەسڵانی، لە بەشی پێشبڕكێی سینەمای كوردی له هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك نمایش دە‌كرێت.

فیلمەكە دواین بەرهەمی سینەماكاری كۆچكردووی كورد رەحیم زەبیحییە و بەرهەمی كۆمپانیای سینەمایی ماد موڤییە MAAD Movie؛ دوای بەشداریی لە فێستیڤاڵه گرنگه جیهانییەكان و بەدەستهێنانی چەندان خەڵاتی پڕبایەخ، لە نوێترین و دەیەمین بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیدا بە ئامادەبوونی توورەج ئەسڵانی بەرهەمهێنەر و ئیلاهە نەوبەخت بڵاوكەرەوەی نێودەوڵەتی، ئەم بەرهەمه كوردییه نمایش دەكرێت.

له هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆك نمایش بكرێت.


فیلمەكە لە دوو سانسی جیاوازدا ئەمڕۆ پێنجشەم سەعات پێنجی ئێوارە و سبەی هەینیش سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ نمایش دەكرێت. بڕیارە لە 19ی مانگیش هۆڵی سینەمایی ناوەندی دهۆك مۆڵ لە بەشی پێشبڕكێی سینەمای كوردی، له هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆك نمایش بكرێت.

مەنسوور جیهانی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فیلمەكە، بۆ "وشە" گوتی، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆك كە بە یادی یەڵماز گۆنای دەرهێنەری ناوداری سینەما و براوەی خەڵاتی چڵەخورمای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی كانی فڕەنسا، بە مەبەستی پردێكی پێوەندیی لە نێوان دەرهێنەرە كوردەكان و فیلمسازانی سەرانسەری دنیا، ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی نێوان نەتەوە جۆراوجۆركانی دنیا دامەزراوە.

 هەشتەمین خولی فێستیڤاڵەكە به نمایشی 94 فیلم له سینەماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری دنیا لە چوارچێوەی فیلمە درێژە سینەماییەكان، كورتە فیلم و بەڵگە فیلمەكان لە چەندان بەشی پێشبڕكێ و دەرەوەی پێشبڕكێ، لە ڕۆژانی 15 تا 22ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت.

"نانی پیرۆز" له دواین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی 24ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئاینی ئەمڕۆ Religion Today  لە شاری تۆڕێنتۆی ئیتاڵیا نمایش كرا، توانی خەڵاتی باشترین فیلمی دۆكیۆمێنتاری فێستیڤاڵەكە بەدەست بهێنێت.




وشە - سلێمان تاشان