راپەڕێكی ناوداری ئەمەریكایی کوژرا

:: PM:01:12:18/11/2021 ‌
پۆلیسی ویلایەتی تینیسیی ئەمەریكا رای گەیاند، لەناو فرۆشگەیەكی شیرینی لە شاری ممفیس، لەلایەن چەكدارێكەوە تەقە لە گۆرانیبێژی ناودار یونگ دۆلف كراوە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە. تا ئێستەیش نازانرێ بكوژ كێیە و نەگیراوە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی راگەیاندنی پۆلیسی ویلایەتی تینیسی، راپەڕێكی ناوداری ئەمەریكایی بەناوی ئەدۆڵف رۆبێرت سۆرنتۆن جۆنیور كە ناوی هونەریی "یونگ دۆڵفە"ـە، لەلایەن چەكدارێكەوە تەقەی لێ كراوە و كوژراوە.

رووداوەكە شەوی رابردوو بووە


بەپێی میدیاكانی ئەو ویلایەتە، رووداوەكە شەوی رابردوو بووە كاتێك دۆڵف ویستوویەتی بۆ كڕینی شیرینی بچێتە فرۆشگەیەكی تایبەت بە شیرینی لە شاری ممفیس، لەگەڵ دەرچوونی تەقەی لێ كراوە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

تا ئێستە بكوژ دیار نییە و لێكۆڵینەوە لە كوشتنی ئەو هونەرمەندە بەردەوامە.

یونگ دۆڵف كە تەمەنی 36 ساڵە، لە ستایڵی "راپ"دا ناوێكی دیاری بوارەكەیە، بەتایبەتی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەلبوومێكی "ریچ سڵایڤ" لە ساڵی 2020دا، یەك لە گۆرانییەكانی بەناوی "میجۆر" هەوادارێكی زۆر لە دەوری كۆ بوونەتەوە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د