كتێبی "ناكۆكی و شەڕی ناوخۆیی پارتە سیاسییەكانی باشووری كوردستان" بڵاو كرایەوە

:: PM:02:15:18/11/2021 ‌
كتێبی "ناكۆكی و شەڕی ناوخۆیی پارتە سیاسییەكانی باشووری كوردستان" بڵاو كرایەوە كە باس لە هۆكار و دەرهاویشتەكانی شەڕی ناوخۆ لە كوردستانی باشوور لە نێوان ساڵانی 1975 تا 1992 دەكات.

شیلان ڕەشید نووسەری كتێبەكە و ماستەر لە مێژووی نوێ و هاوچەرخ، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، لە كتێبەكەدا بەوردی باس لەو حزبانە دەكرێ كە لەو قۆناغەدا كاریگەرییان هەبووە.

وەك زیاتر خستیە ڕوو، بەرهەمەكە توێژینەوەیەكی مێژووییە، تەوەرەكانی باس لە شەڕی ناوخۆ و هۆكارەكان و كاریگەری ئەم شەڕە لەسەر كۆمەڵگای كوردی دەكات.

نووسەرەكە دەڵێت، "وەك میتۆدی كاركردن پێداگریم  كردووە لەسەر شرۆڤەی رووداوەكان لە چوارچێوەی ئەو مەبەست و دەرهاویشتەی بۆم دیاری كردووە، بە دیدێكی رەخنەگرانە ڕوانیومەتە ئەو قۆناغەی مێژووی كورد و كوردستانی باشوور، بۆ ئەو مەبەستەش لە رووداوەكانەوە هاتووم و بە بەڵگە هێناومەتەوە بۆ ئەو دیدەی جێی رەخنەیە، لەو شوێنانەش لە هۆكارەكانی پشێوی و شەڕەكان دواوم، بە هەمانشێوە لە رووداوەكانەوە هاتووم و خاڵ بە خاڵی هۆكارەكانم باس كردووە بەپێی كاریگەرییان، باسم لە ڕۆڵ و كاریگەری حزبەكانی كوردستانی باشوور و رۆژهەڵات و باكوریش كردووە."

سەرەكیترینیان لەسەر دەسەڵات و ئایدۆلۆجیای جیاواز بووە


بەگوتەی نووسەرەكە، هۆكارەكانی شەڕی ناوخۆ زۆرن، بەڵام سەرەكیترینیان لەسەر دەسەڵات و ئایدۆلۆجیای جیاواز بووە، واتە كارەكتەری شەڕی ناوخۆ ئایدۆلۆجیای جیاواز بە خۆی و حزبەكەی هەبووە و زۆر لای ئاسایی بووە بڕیاری شەڕ بدات و كوشتنی بەرانبەر بە ڕەوا بزانێت، بۆیە ئەو سەركردانەی خاوەن ئایدۆلۆجیای خۆیانن، لە سەرەتادا كەسێكی شۆڕشگێر و دڵسۆزن، بەڵام لە دواییدا دەبنە ئەو كەسەی فەرمانی شەڕ دەدات بۆ ئەو كەسانە یان ئەو حزب و گرووپانەی كە مەترسین بۆ سەر ئایدۆلۆجیاكەی.

ئەم كتێبە 407 لاپەڕەیە و ئێستە لە كتێبخانەكانی كوردستان بەردەستە، ئەمڕۆ بەشداری پێشانگەی نێودەوڵەتی لە سلێمانی دەكات. لەسەر ئەركی نووسەر چاپ كراوە .

سلێمانی/ئاسان محەمەد



وشە - سلێمان تاشان