دوای بانگەشەی چەند گەنجێكی سەرەڕۆ بۆ ئەنجامدانی پێشبڕكێ لەسەر شەقامی 150 مەتریی هەولێر، شەوی ڕابردوو جەنجاڵییەكی زۆر لەسەر ئەو شەقامە دروست بوو، پۆلیس و هێزە تەناهییەكان ڕێگرییان كرد لەو پێشبڕكێیە، ئەوەیش بەمەبەستی پاراستنیان لە كارەسات.
ئەمڕۆ شەموو 20ـی تشرینی دووەم، سەرچاوەیەكی باڵا لە هێزە تەناهییەكانی هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای ئاگاداربوونمان لە ئەنجامدانی پێشبڕكێیەك، هێزە تەناهییەكان لە تەواوی شەقامی 150 مەتریی هەولێر، دەستیان بە جووڵە كرد و توانیان ڕێ لەو پێشبڕكێیە بگرن.
بەگوتەی ئەوان خێراترین و زۆرترین ئۆتۆمبێل بەشداری تێیدا دەكەن.
ماوەی هەفتەیەكە چەند گەنجێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەی ئەنجامدانی پێشبڕكێیەكیان دەكرد، بەگوتەی ئەوان خێراترین و زۆرترین ئۆتۆمبێل بەشداری تێیدا دەكەن.
ئەو سەرچاوەیە لە هێزە تەناهییەكان ئەوەشی گوت، ئەو پێشبڕكێیە وایكردبوو شەوی ڕابردوو جەنجاڵییەكی زۆر لەسەر شەقامی 150 مەتری هەولێر دروست بێت، دوای چوونی هێزە تەناهییەكان توانرا رێ لەو پێشبڕكێیە بگیرێت، ڕەنگە لە كاتی ئەنجامدانی بەدەیان پێكدادان ڕووی بدایە.
ئەنجامدانی ئەو پێشبڕكێیە لە بەرانبەر بڕە پارەیەكی زۆر بوو، لەگەڵ بەكارهێنانی خێراترین ئەو ئۆتۆمبێلانەی بۆ پێشبڕكێ بەكار دەهێنرێن.
بەهۆی تیژڕەوی و ئەنجامدانی پێشبڕكێ، چوارشەمی ڕابردوو لە هەمان شەقام مێرمنداڵێك لەناو ئۆتۆمبێلەكەی سووتا، ئەوەیش دوای خێراییەكی زۆر كە كۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەكەی لە دەست دابوو.