ژنێك بەناوی دامەزراندنی گەنجان لە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی، سەتان هەزار دۆلار لە هاووڵاتییان وەردەگرێ، بەڵام دوو ڕۆژ پێش هاتنەوەی ناوی ئەو كەسانەی دامەزرێنراون، خۆی دەسووتێنێت و گیان لە دەست دەدات.
ئەمڕۆ شەموو 20ـی تشرینی دووەم، شاخەوان سوڵتان هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ژنێك بەناوی دامەزراندنی گەنجان لە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی بۆ كاركردن، پارەی لە سەتان گەنج وەرگرتووە، بۆ هەریەكێكیشیان بڕی پێنج ملیۆن دیناری وەك بارمتەی دڵنیایی وەرگرتووە كە مانگێك دوای دامەزراندنیان، بڕی هەزار دۆلار وەك مووچەیان پێ دەدرێ.
گرێبەستی كاتی دانەوەشی دیاری كردووە و لە بانك نووسراوی فەرمی كردووە.
ئەو هاووڵاتییە باسی لەوەش كرد، ئەو ژنە سەتان هەزار دۆلاریشی وەك كاری خێرخوازی لە چەندان كۆمپانیا و كەسایەتیی هەولێر وەگرتووە، گرێبەستی كاتی دانەوەشی دیاری كردووە و لە بانك نووسراوی فەرمی كردووە.
ژمارەیەك لە خاوەن قەرزەكان ئەمڕۆ لە بەردەم شوێنی كاری ئەو ژنە، گردبوونەوەیەكیان ئەنجام دا و ڕایان گەیاند، بڕیار بوو سبەی ئەو ژنە ئەو قەرزانەمان بداتەوە، ئەو كەسانەشی دایمەزراندبوون، دەبوو كۆتایی ئەم مانگە بچن بۆ دەوام، بەڵام هەفتەی ڕابردوو ئەو ژنە خۆی دەسووتێنێت و گیان لە دەست دەدات.
ئەو ڕووداوە لە كاتێكدایە لە هەرێمی كوردستان چەندان كەیسی هەڵخەڵەتاندن و بردنی پارەی هاووڵاتییان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو تۆمار كراون.