لە پەنجەكانتەوە بزانە ئاستی كۆلیسترۆلت بەرزە

:: PM:10:31:20/11/2021 ‌

كۆلیسترۆل مادەیەكی مۆمی هاوشێوەی چەورییە، لە ئاستی ئاساییدا سوودی هەیە، بەڵام كە رێژەكەی زیادی كرد، لەسەر رووی ناوەوەی لوولەكانی خوێن دەنیشێ و كێشەی تەندروستی دروست دەكات، بەڵام چۆن لە پەنجەی دەست و پێ دەزانی رێژەی زۆرە؟

پزیشكان وریایی دەدەن لە بوونی چەند نیشانەیەك لەسەر پەنجەی دەست و پێ، رەنگە ئاماژە بێت بۆ بەرزیی رێژەی كۆلیسترۆل لە خوێندا، چاودێریكردنی رێژەكەی زۆر گرنگە و یارمەتی كەمكردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و سەكتەی مێشك دەدات، بەهۆی زۆر خواردنی چەوری یان قەڵەوی یان وەرزش نەكردنەوە زیاتر دروست دەبێت، پێویستە بۆ دڵنیابوون پشكنینی خوێن بكرێت.   
هەندێك ئاماژەی جەستەیی بۆ بەرزبوونەوەی كۆلیسترۆل هەیە پێویستە وریایان بین
بەهۆی نەبوونی هیچ ئاماژەیەك بۆ بەرزیی رێژەكەی لە خوێندا، پێی دەگوترێ بكوژی بێ دەنگ، بەڵام بەمدواییە پزیشكان گوتیان هەندێك ئاماژە لە پەنجەی دەست یان پێدا هەیە، وەك وریاكردنەوەیە لە بەرزیی كۆلیسترۆل، د. راهوول ئەگراوال، پزیشكی شارەزای نەخۆشییەكانی دڵ بە رۆژنامەی "ئێكسپرێس"ی بەریتانی گوت، هەندێك ئاماژەی جەستەیی هەیە و پێویستە وریایان بین.

روونی كردەوە، رەنگە ئەو نیشانانە لە پەنجەكانی دەست و پێ دەركەون، واتە بەهۆی كەلەكەبوونی كۆلیسترۆل و داخرانی لوولەكانی خوێنی دەست و پێ، كاتێك هەست بە مێروولەكردن و دروستبوونی زیادەی بچووك لەژێر پێستی پەنجەكان بەهۆی كەلەكەبوونی چەورییەوە دەكەیت، ئەوەیش لەكاتی زۆر بەرزبوونی رێژەی روو دەدات.

ئەو پزیشكە روونی كردەوە، دەكرێ ئەو زیادانە لە هەر شوێنێكی لەش دروست ببێت، بەڵام بەزۆری لە دەست و پێ دەبێت، مەترسیدار نییە و دوای دابەزینی ئاستی كۆلیسترۆل ون دەبێت و نامێنن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل