كۆمسیۆنی هەڵبژاردن: كۆتایی ئەم هەفتە ئەنجامی كۆتایی رادەگەیەندرێت

:: PM:06:56:21/11/2021 ‌

هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 10ی مانگی تشرینی یەكەم رابردوو هاتە سازكردن، تا ئێستە كۆمسیۆن سەرقاڵی تاوتوێكردنی تانەكان و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگی هەندێك لە وێستگەكانە، ئەمڕۆ یەكشەم ئەندامێكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنەكە دووپاتی كردەوە لە كۆتای ئەم هەفتەیە ئەنجامی هەڵبژاردن دێتە راگەیاندن.

عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق گوتی، ئەو تانانەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن رەوانەی كۆمسیۆنی كردووە هەمووی گەیشتووە، كە ژمارەكەی 1436 تانەیە، كۆمسیۆن ئەوەی بۆی هاتووە جێبەجێی دەكات، لەوانە دووبارە ژماردنەوەی بەدەستی هەندێك وێستگەكان، بۆیە تیمە هونەرییەكان ئامادەن و ئەو كارە لە ماوەیەكی كورت دەكرێت.
ژمارەی كورسییەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەنجامی كۆتایی یەكلا نەبووەتەوە
زیاتر گوتی، كۆمسیۆن كار بۆ تەواوكردنی هەموو تانەكان و راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لە كۆتایی ئەم هەفتەیە دەكات، ئەو ئەندامەی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆن ددانی بە كاریگەری تانەكان لەسەر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن دانا و گوتی، تانەكان كاریگەرییەكی بەهێزیان لەسەر ئەنجامەكان هەبوو، كاتێك بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی دەنگی هەندێك وێستگە، ژمارەی كورسییەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەنجامی كۆتایی یەكلا نەبووەتەوە تا كاتی راگەیاندنی.

ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن روونی كردەوە كە دادگای باڵای فیدرال ناوی كاندیدیدە براوەكان پەسند دەكات، لەوكاتەی دەستەی دادوەری تانەكان پەسند دەكات و یەكلایان دەكاتەوە، بۆیە دوای یەكلابوونەوە دەستەی دادوەری، كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتایی و ناوی كاندیدە براوەكان رادەگەیەنێت و بۆ دادگای باڵای فیدرالی بەرز دەكاتەوە بۆ پەسندكردنی.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل