دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە مانگی ئابەوە كۆنترۆڵی ئەفغانستانی كردووە و حكوومەتێكی كاتیی تێدا دامەزراندووە، لە دەسەڵاتەكەیدا زۆر بواری ژیانی لە هاووڵاتییانی وڵاتەكە قەدەغە كردووە، دواین بڕیاریشی قەدەغەكردنی تەواوی ئەو درامایانەیە كە تێیاندا ژنان دەردەكەون، ئەویش وەك فەرمان بۆ تەواوی تەلەڤزیۆنەكان چووە.
پێگەی "
ئیلاف" ئەمڕۆ دووشەم 22ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، دوای قەدەغەكردنی كاركردنی ژنان و نەچوونی كچان بۆ قوتابخانەكان و دواتریش داخستنی پەیمانگەی فێبوونی موزیك لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، بڕیاری قەدەغەكردنی تەواوی ئەو درامایانە دەرچووە كە تێیاندا ژنان دەردەكەون، قەدەغەكردنەكە بە فەرمانی وەزارەتێكە بەناوی "وزارە اڵامر بالمعروف والنهی عن المنكر" هاتووە.
بەپێی پێگە عەرەبییەكە، نووسراو لەو وەزارەتەی تاڵیبانەوە بۆ تەواوی تەلەڤزیۆنەكانی ئەفغانستان چووە كە تێیدا هاتووە، "لەسەر سەرجەم تەلەڤزیۆنەكانی ئەفغانستان پێویستە خۆیان لە پێشاندانی ئەو درامایانە دوور بخەنەوە كە تێیاندا ژنان دەردەكەون، ئەویش بەپێی بەرنامەی ئاینی ئیسلام كە دەبێ ژنان حیجاب بپۆشن".
لە فەرمانی وەزارەتەكەدا ئەوەیش هاتووە، دەبێ هەموو ئەو ژنانەی وەك پێشكەشكار یان بێژەر لەسەر شاشەكاندا دەردەكەون، "حیجابی ئیسلامیی ئەفغانی" بپۆشن. بەڵام پێگەكە روونی نەكردووەتەوە ئایا مەبەستی فەرمانەكە حیجاب یاخۆ نیقابە.
گوتەبێژ بەناوی ئەو وەزارەتە هاكیف موهاجیر بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" گوتوویەتی، ئەو فەرمانەی وەزارەتی "وزارە اڵامر بالمعروف والنهی عن المنكر". بۆ تەلەڤزیۆنەكانی وڵات، بەپێی بەرنامەكانی ئاینی ئیسلام هاتووە كە لە ئەفغانستاندا كاری پێ دەكرێت.
ئەوەشی گوتووە كە دەبێ تەواوی تەلەڤزیۆنەكان، خۆیان لەو گرتە و بەرنامانە دوور بخەنەوە كە سووكایەتی بە ئاین و پەیامبەر و هاوڕێكانی دەكەن.