خۆپێشاندانی جووتیاران پارێزگایەكی تری ئێرانی گرتەوە

:: AM:09:53:22/11/2021 ‌
جووتیاران و دانیشتووانی پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری ئێران، بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی گواستنەوەی ئاو لەو پارێزگایەوە بۆ پارێزگاكانی تر، چوونەتە سەر شەقامەكان.

خەڵك لە بەڵێنەكانی بەرپرسانی ئێران تووڕەن و دەڵێن، ئیتر وا بە ئاسانی دانامركێنەوە و دەبێ داواكارییەكانیان هەرچی زووە جێبەجێ بكرێن.

300 گوندی پارێزگاكە تەنانەت لە ئاوی خواردنەوەش بێبەشن


سەرووی 300 گوندی پارێزگاكە تەنانەت لە ئاوی خواردنەوەش بێبەشن. كێشەی سەرەكیی خەڵكەكە ئەوەیە ئاوی پارێزگاكەیان بۆ پارێزگاكانی تر گواستراوەتەوە، لە كاتێكدا خۆیان پێویستیان بە ئاو هەیە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، وشكەساڵی و كەمبوونەوەی باران لەلایەك و سیاسەتی خراپی حكوومەتی ئێران لەلایەكی تر، هۆكار بووە لەوەی تەنگژەی بێئاوی لە زۆربەی پارێزگاكانی ئێران سەرهەڵبدات.

خۆپێشاندانی ئەو پارێزگایە، دوو هەفتە دوای دەستپێكردنی خۆپێشاندانی جووتیاران لە پارێزگای ئیسفەهان دێت. ئەوان رۆژی هەینی گەورەترین كۆبوونەوەی جەماوەرییان رێكخست و تا ئێستە لە گۆڕەپانەكە ماون كە رووبەری وشكبووی رووباری زایەندەڕوودە.

زایەندەڕوود كە یەكێكە لە رووبارە گرنگەكانی ئێران، لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا بەهۆی ئەوەی بە لێشاو سوود لە ئاوەكەی وەرگیراوە، بەشێوەی نایاسایی بۆ مەبەستی پیشەسازی و كۆمەڵێك بواری تر گواستراوەتەوە، ئەمە وایكردووە تەنگژەی بێ ئاوی لە ئیسفەهان بێنێتە كایەوە، جگە لەوەی كە سەرچاوەكانی ئاوی ژێرزەوی كەم بكەن، لە هەمان كاتدا جووتیارانیش ئاوی پێویستیان پێ نەگات. بەهۆی ئەو دۆخەوە تەنانەت كەشوهەوای ئیسفەهانیش گۆڕاوە و تۆز و خۆڵ زۆر بووە و داتەپینی زەویش پەرەی سەندووە.

هاوكات كاوە مەدەنی یاریدەدەری پێشووی فەرمانگەی پاراستنی ژینگەی ئێران ئاماژەی داوە، حكوومەتی ئێران لەو سیاسەت و پلانانەی لە رابردوودا داویەتی، بە هیچ شێوەیەك گرنگی بە پرسی ژینگە نەداوە. 

لە رابردوودا خۆپێشاندانەكانی ئێران، زیاتر بۆ پرسی سیاسی و ئابووری و بێكاری و هەندێك بابەتی تر بوون و لەسەر پرسی ژینگە كەمتر خۆپێشاندان كراوە، بەڵام ئەمجارە ئەو پرسەشی هاتووەتە سەر.

حكوومەت خۆی دەستی هەیە لە رێكخستنی خۆپێشاندانەكە


خۆپێشاندانی جووتیارانی دوو پارێزگای ئیسفەهان و چوارمەحاڵ و بەختیاری راستە بۆ پرسی ئاوە، بەڵام پێ دەچێت لە دژی یەكتریش بێت، چونكە حكوومەتی ئێران خۆی لە رابردوودا بە پلان لە ئاوی چوارمەحاڵ و بەختیاری كەم كردبووەوە و بە ئیسفەهانییەكانی دابوو. هەندێك هاووڵاتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گومانیان لە خۆپێشاندانەكەی ئیسفەهان هەیە و دەڵێن، حكوومەت خۆی دەستی هەیە لە رێكخستنی خۆپێشاندانەكە و خوازیارە لەم رێیەوە هەندێك ویستی خۆی لە دژی پارێزگاكانی تر جێبەجێ بكات.


وشە - سلێمان تاشان