"ئەگەر كورد بە پەرتەوازەیی بچێتە بەغدا بژارەكانی بەردەمی سنووردارتر دەبن"

:: PM:06:46:22/11/2021 ‌

عێراق بە قۆناغێكی هەستیار لە مێژووی خۆی تێپەڕ دەبێت، هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بە مەبەستی گۆڕانكاری و چاكسازی بەڕێوە چوو، یاسای هەڵبژاردن توانی گۆڕانكاری بەرچاو لە ئەنجامەكاندا بكات، بەڵام ژێراوژێر مامەڵەكردنێكی گۆڕینی ئەنجامەكان هەیە، ئەوەیش وای كردووە پێشبینییەكان بۆ داهاتوو نادیار بن، ئەبوبەكر كاروانی، سیاسەتوانی دێرین و چاودێری سیاسی لە دیمانەیەكی "وشە"، تیشك دەخاتە سەر رووداوە و نەخشەی سیاسی لە عێراق و پێگەی كورد لەسەر نەخشەكەدا.

*راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی عێراق دواكەوت، وەك دەڵێن كۆمسیۆن لەژێر گوشارێكی گەورەدایە، دەكرێ ئەنجامی هەڵبژاردن بگۆڕێت؟، ئەگەر لایەنە ناكۆكەكان نەگەن بە سازانی چی دەبێت؟ 

دواكەوتنی راگەیاندنی ئەنجامەكان بابەتێكی تەكنیكییە، بەڵام دەكرێ وەك شتێكی گشتی سیاسی ئەوە بلێ كە ناكۆكیی قووڵی ناو ماڵی شیعە و رێكنەكەوتنیان لەسەر كەسی یەكەم و كێ حكوومەت پێك بێنێت و بردنی بەشی خۆیان لە هەڵبژاردنەكان، وای كردووە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن تۆزێك دوا بكەوێ، بۆ ئەوەی لایەنی كەم لێكتێگەیشتن لەنێوان هێزە شیعە ناكۆكەكان دروست ببێت و هێزە ناڕازییەكان زیاترین قسە بكەن و كارتی خۆیان رابكێشن، بۆ ئەوەی هەندێك لە گرژییەكان كەم ببێتەوە، بۆ ئەوەی ئەوكاتەی ئەنجامەكانیان راگەیاند، تا رادەیەك قبووڵكراوتر بێت.

*پێشبینی ئێوە بۆ قۆناغی دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان چییە؟، بەتایبەتی ناكۆكییەكی گەورە لەناو ماڵی شیعە دەبینرێت.

دۆخی عێراق بەجۆرێكە ناتوانین بڵێین ئەوە دەبێت یان نا، بۆیە دەكرێ زیاتر لە سیناریۆیەك لەبەرچاو بگرین، یەكەمیان ئەگەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە فراكسیۆنی گەورەتر پێك بێنن، واتە ئەوان هەوڵ بدەن لەگەڵ سوننە و كورد حكوومەت پێك بێنن، ئەوكاتە دەكرێت موقتەدا سەدر ببێتە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئەگەر بووە ئۆپۆزسیۆن ئەو حكوومەتەی دروست دەبێت دەتوانێت كارەكانی بەڕێ بكات؟، ئەگەر سەدر هەموو رۆژێك شەقام لەدژی بجوولێنێت و ئۆپۆزسیۆنێكی توند بێت؟.

یان ئەگەر سەدر سازش بكات و سازان بكەن، لەسەر چی سازش دەكات، كەواتە ئەگەری بوونی موقتەدا سەدر ببێت بە پۆپۆزسیۆن و ئەگەری ئەوەی سەدر لەگەڵ ئەوان سازان بكات، ئەگەری ئەوەی ئەمانە هیچی روونەدات و دۆخەكە تێك بچێت و عێراق بەرەو داڕووخانی زیاتری تەناهی بڕوات، هەموو ئەوانە ئەگەرن لەبەردەم دۆخەكە و خەڵكی عێراق و هێزە سیاسییەكانی.
ئێران سوننە و كوردی ئاگەدار كردووەتەوە نابێ لە ململانێی ناو ماڵی شیعە ببن بە لایەنگر
*سەبارەت بە كورد لە كوێی ئەو مشتومڕ و ململانێیانەیە، دۆخی ناو ماڵی كورد چۆنە و پێویستە لەو ماوەیەدا چی بكرێت و چی دەكرێت؟

بژارەكانی بەردەم كورد سنووردارن، ئەگەر خۆی سنووردارتری نەكات، لەبەر ئەوەی كورد ناتوانێت لەنێوان هێزە شیعەكاندا یەكێكیان پێش ئەوەیتریان بخات، بە كورتی لەبەرئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران رازی نییە و سوننە و كوردی ئاگەدار كردووەتەوە كە نابێ لەو ناكۆكی و ململانێیەی لەناو ماڵی شیعەدا هەیە ببن بە لایەنگر، واتە دەبێت لایەنە شیعەكان لەسەر سەرۆك وەزیران رێك بكەون و ناوماڵی خۆیان رێك بكەن، ئەوجا ئێوە بۆتان هەیە بكەونە گفتوگۆ لەگەڵ ئەواندا، كەواتە لە هەنگاوی یەكەمدا كورد و سوننەیش ناتوانن قورسایی خۆیان بەكاربێنن بۆ ئەوەی لەناو ماڵی شیعەدا لایەنێك دیاری بكات، لە چوارچێوە و روانگەی بەرژەوەندییەكانی خۆی و تێگەیشتنی بۆ ئالوگۆڕەكانی دۆخی عێراق و چی پێویستە و چی پێویست نییە.

دەمێنێتەوە قۆناغی دووەم كە شیعەكان لەنێوان خۆیاندا رێك كەوتن، ئەوكاتە مادام رێك دەكەون لەسەر سەرۆك وەزیرانێك، دەمێنێتەوە ئەوەی لەسەر بەنامەی حكوومەتەكە هەندێك قسەیان هەبێت یان لەسەر جۆری بەشداریكردنەكە، كە بەداخەوە بەرنامەی حكوومەتەكان لە عێراق زۆربەی كات نەتوانراوە جێبەجێ بكرێت، ماوەتەوە لەسەر ئەوەی كورد لە بەغدا چ پلە و پۆستێكی هەبێت، كە رۆڵێكی دیاریكراوی نەبووە لە چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەگەڵ كورددا رووی داوە، سەرۆك كۆمار كورد بووە كەچی ناوچە جێ ناكۆكەكان كۆنترۆل كراوەتەوە، وەزیری دارایی كورد بووە، بۆ نموونە بودجەی هەرێمی كوردستان بڕاوە، وەزیرمان هەبووە لە حكوومەتی عێراق، كەچی كێشەكان وەك خۆی كەلەكە بووە، بۆیە كورد بژارەكانی بەردەمی سنووردارن و ئەگەر بە پەرتەوازەییش بچێتە بەغدا و هەریەكە و خۆی بچێت گفتوگۆ بكات، بەتایبەتی لەنێوان یەكێتی و پارتیدا دیارە رۆڵەكەی زیاتر پەراوێز دەكەوێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل