رەنگە خەڵكێك هەبێت بەپێی سەرقاڵی یان دەوامی رۆژانەی كاتی خواردنی ژەمەكانی رێك خستبێت، هەیشە بەهۆی چڵێسییەوە كات و ساتی خواردنی دیار نییە، ئەوانەیش كار لە میزاجی كەسەكان دەكەن بەهۆی دابەزینی ئاستی شەكر لە خوێنی یان زۆرخواردن و تووشبوون بە كێشەی تەندروستییەوە، بەڵام گونجاوترین كاتی خواردنی ژەمەكان چین؟
هەمووان یەك ئامانج و خواستیان هەیە، ئەویش ئەوەیە تا ماون و بەدرێژایی ژیانیان لە تەندروستییەكی باشدا بن، بەڵام ئەوە كاركردنی پێویستە، وەك دیاریكردنی سیستمێكی تەندروستی خۆراك، واتە جۆر و بڕەكەی یان خواردنی لەكاتی و ساتی گونجاودا، شارەزایان تەندروستی ئاشكرایان كرد كە دیاریكردنی كاتی خواردنی ژەمەكانی بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە زۆر گرنگە، وەك ماڵپەڕی "
Only My Health"ی تەندروستی باسی دەكات.
لە نێوان هەردوو ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارە سووكە ژەمێك هەبێت كەمتر لە 200 كالۆری هەبێت
ماڵپەڕەكە كاتی گونجاو و باشترین جۆری خواردن بۆ هەر ژەمێك دیاری دەكات وەك لە خوارەوە:
ژەمی بەیانیان، باشترین كات لە نێوان سەعات 7 بۆ 9یە، دەبێت چەند خۆراكێكی تەندروست لەخۆ بگرێت وەك شۆفان و نان و شیر و شەربەت و هێلكە و هیتریش، ژەمی نیوەڕۆ لە نێوان سەعاتەكانی 12 بۆ 2ی دوای نیوەڕۆ بێت، خواردنەكانیش وەك نیسك و برنج و نان و سەوزە و ماستاو و زەڵاتە بێت.
دوای ژەمی نیوەڕۆ دەكرێ ژەمێكی سووك (سناك)، هەبێت لە سەعات چواری ئێوارە و شەربەت و چای لەگەڵدا بێت، واتە سووكە ژەمێكی 150 بۆ 200 كالۆری، وەك چەرەزات یان میوە یان گەنمەشامی و هیتریش، هەرچی ژەمی شەوانە، باشترین كات سەعات هەشتی ئێوارەیە، چونكە پێویستە مرۆڤ تا سێ سەعات پێش خەوتن بخوات، دوای ئەو ژەمە دەتوانی رۆیشتن بكەیت بۆ یارمەتیدانی هەرسكردنی خۆراكەكە.