به گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی له ناوه‌ندی گشتی ژماردنی ده‌ستی ده‌نگه‌كان له عێراق دزه‌ی پێكراوه، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له عێراق به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی باڵای دادوه‌ری بۆ ڕازیكردنی قه‌واره و لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی ئێران و میلیشیاكان گۆڕانكاری له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن دروست ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی له ڕووی یاساییه‌وه گۆڕانكارییه‌كان یه‌كلاكه‌ره‌وه بن و سه‌لمێنرا بن، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه‌یه كه دۆخی عێراق به ته‌واوی ڕوو له هه‌ره‌س و تێكچوون نه‌كا و بتوانن هاوسه‌نگی دروست بكه‌نه‌وه و ڕێ له داڕمانی یه‌كجاره‌كی پرۆسه‌ی سیاسی له وڵات بگرن.
زیاتر له مانگێك و 10 ڕۆژ به‌سه‌ر واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له عێراق تێپه‌ڕیوه و ماوه ماوه كۆمسیۆن دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه سه‌رجه‌م ئه‌نجامه‌كانی ته‌واوكردووه و ڕه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كردووه تا ئه‌نجامه‌كان په‌سه‌ند بكرێ و به فه‌رمی ڕابگه‌یه‌نرێن، به‌ڵام هه‌موو جار دووباره دوا ده‌خرێنه‌وه و باس له ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگی ژماره‌یه‌كی تری وێستگه و بنكه‌كانی ده‌نگدان ده‌كرێت، ئه‌مه‌یش بۆخۆی گومانێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كاری كۆمسیۆن دروست كردووه، له كاتێكدا دوای یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م تانه‌كانیش دووپاتی له‌وه كرده‌وه، كه هیچ گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ڕووینه‌داوه و ئه‌نجامه‌كان وه‌ك ئه‌نجامی به‌رایی ماونه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی زۆر ورد و ڕژد كراوه.
له به‌رانبه‌ردا ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن كه له گرووپه میلیشیاكانی سه‌ر به كۆماری ئیسلامی ئێران و هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی عه‌بادی و حه‌كیم و قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا به سه‌رۆكایه‌تیی نووری مالیكی خۆی ده‌بینێته‌وه، به‌رده‌وامه له هه‌ڕه‌شه و فشاركردن له‌سه‌ر كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، به هیچ جۆرێك به‌و ئه‌نجامانه ڕازی نین، ته‌نیا دوو بژاره له‌به‌رده‌م كۆمسیۆن و لایه‌نه‌كانی سیاسی له عێراقدایه، بۆ ڕازیكردنیان به ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه، كه یه‌كه‌میان گۆڕانكارییه له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و زیادكردنی كورسییه‌كانیانه له خولی نوێی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دووه‌میشیان پێكهێنانی حكوومه‌تێكی نیشتمانییه به به‌شداری هه‌مووان و دابه‌شكردنی پۆست و پله‌كانه بێ ڕه‌چاوكردنی ژماره‌ی كورسی قه‌واره‌كان كه له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ستیان هێناوه، كه هه‌ردوو بژاره‌كه‌یش له‌لایه‌ن هێزه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن تا ئێسته ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه و به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نین موساوه‌مه له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان بكه‌ن و دووپاتیش له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه حكوومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی دروست ده‌كه‌ن، نه‌ك حكوومه‌تی ته‌وافقی به به‌شداری لایه‌نه دۆڕاوه‌كان.
هه‌ینی ڕابردوو عیماد جه‌میل موحسن ئه‌ندامی تیمی میدیایی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ میدیاكان دووپاتی كرده‌وه، كه هه‌موو كاره‌كانی هه‌ڵبژاردن ته‌واوبووه و له دوو تا سێ ڕۆژی داهاتوو ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردن ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، واته دوێنێ یه‌كشه‌م یان ئه‌مڕۆ دووشه‌م، به‌ڵام نه دوێنێ و نه ئه‌مڕۆیش هیچ ئه‌نجامێكی كۆتایی ڕانه‌گه‌یه‌نراون، بگره باس له ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگی چه‌ندان وێستگه و بنكه‌ی تری ده‌نگدان ده‌كرێ، به‌مه‌یش واده‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی لای كه‌س ڕوون نابێ و كه‌سیش نازانێ دۆخه‌كه به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و چه‌ند بنكه و وێستگه‌ی تری ده‌نگدان ده‌ژمێردرێنه‌وه.
له دره‌نگانی شه‌وی شه‌موو له‌سه‌ر یه‌كشه‌می ڕابردوو عیماد جه‌میل موحسن بۆ میدیاكانی عێراق ئاشكرای كرد، كه واده‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی دوا ده‌خرێن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی باڵای دادوه‌ری ئه‌نجامی چه‌ندان بنكه و وێستگه‌ی ده‌نگدانی قبووڵ نه‌كردووه و داوای دووباره ژماردنه‌وه‌ی كردووه، كۆمسیۆنیش پابه‌ندی بڕیاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه و ده‌ست به ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگی ئه‌و وێستگه و بنكانه ده‌كات. جیا له‌وه‌یش بۆچوونی كۆمسیۆن گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له زۆربه‌ی لێدوانه‌كانی پێشووی به‌رپرسانی كۆمسیۆن دووپات له‌وه ده‌كرایه‌وه، كه گۆڕانكاری ئه‌وتۆ ڕووناده‌ن و ئه‌نجامه‌كان زۆر ڕاست و دروستن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له شه‌مووی ڕابردوو ئه‌و ئه‌ندامه‌ی تیمی میدیایی كۆمسیۆن ئاشكرای كرد، به ته‌واوی پێچه‌وانه بوو، چونكه دووپاتی له‌وه كردووه، كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگی ئه‌و بنكانه گۆڕانكاری به‌رچاو له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن دروست بكات.
به گوێره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆمسیۆن له دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی به‌رایی ده‌نگه‌كان، پێویسته 15 ڕۆژ خه‌ریكی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی تانه‌كان بێ و دواتر ئه‌نجامه‌كان ڕاده‌ستی ده‌سته‌ی باڵای دادوه‌ری بكات، بۆ په‌سه‌ندكردن، به‌ڵام ئه‌وه زیاتر له مانگێك به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن تێپه‌ڕیوه و كاتی یاسایی ته‌واو بووه، كه‌چی تا ئێسته ئه‌نجامی كۆتایی ڕانه‌گه‌یه‌نراوه و ناشزانرێ كه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نرێت.
دوو به‌رپرسی عێراقی له‌وباره‌وه به ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید"یان ڕاگه‌یاندووه، كه گۆڕانكاری نوێ له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن دێته كایه‌وه، كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ 10 كورسی په‌رله‌مان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا بهێنرێت، له‌و لیستانه‌ی كه پێشتر كاندیده‌كانیان به براوه تۆماركراوه، كورسییه‌كان بۆ لایه‌نی تر و كاندیدی تر ده‌ڕۆن، زۆربه‌ی گۆڕانكارییه‌كانیش له به‌غدا و به‌سڕه و بابل و سه‌لاحه‌دین و كه‌ركووك و نه‌ینه‌وا ده‌بێت.
ئه‌و دوو به‌رپرسه نه‌یانشارده‌وه، كه ئه‌و 10 كورسییه‌ی گۆڕانكاری تێدا ده‌كرێ، ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی به‌ره‌ی ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن یه‌كلا ده‌بێته‌وه و له سوودی ئه‌وان ده‌بێت، ئه‌مه‌یش به جۆرێك له جۆره‌كان هه‌وڵدانه بۆ ڕازیكردنیان، تا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن قبووڵ بكه‌ن و پرۆسه‌كه بكه‌وێته سه‌ر سكه‌ی خۆی و عێراق له‌و ته‌نگژه قووڵه‌ی ئێسته تێیدایه نه‌مێنێته‌وه.