وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوای وەرگرتنی پێشنیاری فەرمانگە تەندروستییەکان، هەر یەک لە ئەڵمانیا، عێراق و چەند وڵاتێکی تری بە مەترسیدار هەژمار کرد و داوای لە هاووڵاتیانی کرد گەشتی ئەو وڵاتانە نەکەن.
ناوەندی کۆنترۆڵ و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانی ئەمەریکا، کە بە CDC ناسراوە ئاماژەی داوە ئەڵمانیا لە رووی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و هیی ئەوە نییە سەردانی ئەو وڵاتە بکرێت.
ئەوانەش کە خۆیان کوتاوە پێویست ناکات سەردانی ئەڵمانیا بکەن
باس لەوە کراوە ئەوانەش کە خۆیان کوتاوە پێویست ناکات سەردانی ئەڵمانیا بکەن چونکە دەبنە هۆی گواستنەوەی جۆری نوێی کۆرۆنا.
جگه لە ئەڵمانیا هەر یەک لە وڵاتانی بەلجیکا، هەنگاریا، نەمسا، هۆڵندا، دانیماک، کڕواتیا و عێراق لە پلەی چواری هۆشدارییەکەدان کە بە واتای ئەوە دێت بە هیچ شێوەیەک نابێت بۆ ئەو وڵاتانە گەشت بکرێت. فڕەنسا و ئیتاڵیا لە پلەی سێیەم دان.
هۆشدارییەکەی سەر عێراق تەنیا بۆ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا نییە بەڵکوو پێوەندی بە تیرۆر و پرسی تێکچوونی باری ئاسایشیش هەیە و حکوومەتی عێراق ئەو توانایەی نییە گەشتیاران و هاووڵاتیانی بیانی بپارێزێت.