"لێدانی قودسی سوپای پاسداران چیتر چارەسەر نییە و دەبێ لە سەری مارەکە بدەین"

:: PM:03:12:23/11/2021 ‌
ئیسرائیل دەڵی چیتر راوەدوونان و لەناوبردنی تیرۆریستانی قودسی سوپای پاسداران وەڵامدەر نییە و کاتی ئەوە هاتووە بەدوای سەری مارەکەدا بگەڕێین. سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە هەڕەشەی لە ئەمەریکاش کردووە بە هیچ رێککەوتنێک پابەند نابێت، کە لەگەڵ ئێراندا  بیکات.

نەفتالی بێنێت سەرۆک وەزرانی ئیسرائیل، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی بە توندترین شێوە رووبەڕووی ئێران ببێتەوە. پێداگری لەوەش کردووە وڵاتەکەی پابەندی هیچ رێککەوتنێک نابێت کە وڵاتان لەگەڵ ئەمەریکا بۆ پرسی ناوکی واژۆی بکەن. ئەو هەڕەشەی کردووە تەنانەت ئەگەر ئەمەریکا بۆ رێککەوتنی ساڵی 2015-ەش بگەڕێتەوە، ئەوا ئیسرائیل لە بڕیارداندا سەربەخۆیە و پابەندی هیچ شتێک نابێت و بەرانبەر ئێران چی بە باشی بزانێت دەیکات.

جێی باسە خولی حەوتەمی دانوستانی ناوکی بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە لە نەمسا دەست پێ بکات و ئەمەریکا خوازیارە لەگەڵ ئێران بکەوێتە ناو رێککەوتنێکی نوێوە.
رێککەوتن ناتوانێت پێش بە هەنگاوەکانی ئێران بۆ دەستخستنی چەکی ناوکی بگرێت.


بەگوێرەی رادیۆ فەردا، ئیسرائیل لە گەشەی تەکنەلۆجیای ناوکیی ئێران نیگەرانە و بۆیەش پێی وایە رێککەوتن ناتوانێت پێش بە هەنگاوەکانی ئێران بۆ دەستخستنی چەکی ناوکی بگرێت.

بێنیت ئەمڕۆ سێشەم لە کۆنفرانسێکدا کە لە یەکێک لە زانکۆکانی ئیسرائیل قسەی دەکرد گوتی "رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل لە راستیدا خەباتی تەواوی دنیایە دژی رژێمێکی سەرکوتگەری  توندڕەوە کە دەیەوێت تەواوی شیعەکان لەژێر هەژموونی چەکی ناوکیدا کۆ بکاتەوە."

ئەو هەروەها گوتی ئێرانییەکان ئیسرائیلیان بە مووشەک گەمارۆ داوە و تەنیا راوەدوونانی تیرۆریستانی قودسی سوپای پاسداران وەڵامدەری سەرەڕۆییەکانی ئێران نییە و دەبێت بەدوای سەری مارەکەدا بگەڕێن.
 
ئەو راستەوخۆ هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێرانی نەکرد بەڵام ئاماژەی دا تەکنەلۆجیای سایبەری و پێگەی ئیسرائیل لە ڕووی دیموکراسی و پشتیوانییە نیودەوڵەتییەکانی، دەتوانێت لە رووبەرووبوونەوەی ئێران سەرکەوتووی بکات.


وشە - سلێمان تاشان