بەڵگەنامە نهێنییەكانی هەواڵگری ئێران لەبارەی عێراقەوە باسی چی دەكەن؟

:: PM:04:13:23/11/2021 ‌

رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی چەند بەڵگەنامەیەكی نهێنی هەواڵگریی ئێران ئاشكرا دەكات، كە ئاستی دەسەڵات و كاریگەریی ئێران بەسەر حكوومەتەكانی عێراق دەر دەخەن، بەڵگەنامەكان بریتین لە راپۆرت و برووسكەكانی ئەفسەرانی هەواڵگری ئێران لەبارەی چۆنیەتی دزەكردنی تاران بۆ ناو هەموو كایەكانی دەوڵەتی عێراق و ئەو بەرپرسانەی عێراق و سیخوڕەكانی كاریان لەگەڵ تاران كردووە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئۆكتۆبەری 2019، هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی پشێوییەكانی عێراق و لەوكاتەی خۆپێشاندەران لە شەقامەكان بوون و داوای نەهێشتنی گەندەڵی و لادانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانیان دەكرد، سەركۆنەی كاریگەریی ئێرانیان بەسەر كایەی سیاسی عێراق دەكرد و ئاڵای ئێرانیان سووتاند و هەڵیان كوتایە سەر كونسوڵگەكەی، قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس سەردانی بەغدای كرد بۆ كۆنترۆلكردنی دۆخەكە و رازیكردنی پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی بۆ یارمەتیدانی سەرۆك وەزیران، بۆیە ئەو بەڵگەنامانەی رۆژنامەكە ئاشكرا كردن وێنەیەكی ورد لەبارەی دەستوەردانی ئێران و رۆڵی قاسم سلێمانی لە عێراق ئاشكرا دەكات.

بەڵگەنامەكان باسی ساڵانێك لە كاركردنی سیخوڕەكانی ئێران بۆ دیاریكردنی بەرپرسانی عێراق ئاشكرا دەكەن، هەروەها پارەدان بەو عێراقیانەی كار بۆ ئەمەریكییەكان دەكەن بۆ گۆڕینی هەڵوێستیان و خۆخزاندنە ناو هەموو كایەكانی سیاسی و ئابووری و ئاینی لە عێراق، بە پێدانی بەرتیل بە بەرپرسانی عێراق، كاتێك باسی خەرجی ئەفسەرانی هەواڵگری عێراق دەكات، لەوانە خەرجكردنی 87.5 هەزار یۆرۆ بۆ فەرماندەیەك، بەپێی برووسكەیەكی هەواڵگری ئێران عادل عەبدولمەهدی لە 2014 كاتێك وەزیری نەوت بوو، پێوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ ئێراندا هەبووە، بەو پێیەی هیچ سیاسەتوانێكی عێراقی ناتوانێت بێ رەزامەندی ئێران ببێتە سەرۆك وەزیران، بۆیە كاتێك عەبدولمەهدی لە 2018 ئەو پۆستەی وەرگرت، كاندیدێكی تەوافوقی گونجاو بوو لای ئێران و ئەمەریكا.
حەیدەرعەبادی ئامادەیی تەواوی تیادا بووە بۆ دروستكردنی پێوەندی نهێنی لەگەڵ هەواڵگری ئێران
بەڵگەنامەكان لە سەتان راپۆرت و برووسكەی ئەفسەرانی وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایشی ئێران یان وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە ساڵانی 2014 و 2015 پێكهاتبوو، كە ئەوكات لە عێراق كاریان كردووە، گیس گریسی، شرۆڤەكاری سیاسی و راوێژكار لە كاروباری عێراق دووپاتی كردەوە، ئێران گرنگی بە دامەزراندنی بەرپرسانی باڵای سەر بەخۆی لە عێراق داوە، بەپێی راپۆرتەكە ئێران لە دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق لە 2011 بەپەلە دەستی كرد بە چاندنی جاسووس لەناو وەزارەتی دەرەوە، كەسێك لەوێ دانراوە بتوانێ زانیاری لەبارەی پلانەكانی ئەمەریكا لە عێراقی دەست بكەوێت.

لە ساڵانی 2014 و 2015، كاتێك سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بوو، ئەگەرچی كەسێكی سوننە بوو، بەڵام پێوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ ئێران هەبووە، بەڵگەنامە دزەكراوەكانی هەواڵگری ئێران باسی راوێژكارێكی جبووریان كردووە كە هەواڵدەرێكی هەواڵگری ئێران بووە، ئەو بەبەردەوام لە نووسینگەی جبووری بووە و چاودێری پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكییەكان كردووە، هەرچی حەیدەر عەبادییە، سەرۆك وەزیرانی پێشوو، ئەگەرچی ئێران سەرەتا گومانی لە لاگیری و دڵسۆزی ئەو هەبوو، كەچی لە راپۆرتێكی دوای چەند مانگێك لە بوونی بە سەرۆك وەزیران ئاماژەی كردووە كە عەبادی ئامادەیی تەواوی تیادابووە بۆ دروستكردنی پێوەندی نهێنی لەگەڵ هەواڵگری ئێران، لە راپۆرتێكیش لە 2015 باسی دیدارێكی عەبادی و ئەفسەرێكی وەزارەتی هەواڵگری ئێرانی كردووە بەناوی برۆجەردی، كە لە نووسینگەی عەبادی، بێ ئامادەبوونی كەسی سێیەمیان ساز كراوە. 

لە نۆڤێمبەری 2014 كەسێكی عێراقی، كە لەناو هەواڵگری ئەمەریكا بە دۆنی براسكۆ ناسرابوو، كە سیخوڕی بۆ بەرژەوەندی ئاژانسی ناوەندی هەواڵگری ئەمەریكا "سی ئێن ئێن"، كردووە، لە ترسی گیانی خۆی جیا بووەوە و پێوەندی بە سیخوڕە ئێرانییەكان كردووە و چووەتە ئێران بۆ پاراستنی، ئەو هەموو زانیارییەكانی لای بووە، وەك شوێنە شاراوەكانی هەواڵگری ئەمەریكا لە عێراق، وەك ناوی هوتێلەكانی تیایان چاوی بە كارمەندانی سی ئای ئەی كەوتووە، وردەكاریی چەك و راهێنان و ناوی عێراقییەكانی وەك سیخوڕ بۆ ئەمەریكا كاریان كردووە، هەموو ئەو زانیاریانەی بە ئێرانییەكان داوە. ئاشكرای كردووە كە 18 مانگ لەگەڵ ئاژانسەكە كاری كردووە لە 2018ەوە، لەی چوارچێوەی پرۆگرامێك لەدژی رێكخراوی قاعیدە، راپۆرتێكی تێروتەسەلی لەبارەی هەموو ئەوەی دەیزانێت داوەتە ئێرانییەكان، بەڵێنیشی دا واز لە كاركردن لەگەڵ ئەمەریكییەكان بێنێت، ئەوەیش وای كرد كە بەرپرسانی عێراق ئاماژە بكەن كە سیخوڕەكانی ئێران لە هەموو ناوچەیەكی باشووری عێراق هەن.         


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل