پلانە نهێنییەكەی یەكێتی ئەوروپا لە بەرانبەر رووسیا چییە؟

:: PM:06:02:23/11/2021 ‌

كێشەی دوایی كۆچبەران لەسەر سنوورەكانی یەكێتی ئەوروپا، دوور لەوەی چەند هەزار كۆچبەرێك دەیانەوێ بگەن بە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، بۆ ئەوروپییەكان كۆچكردن بابەتێكی ئاساییە و پێویستیان بە دەستی كاركەر هەیە و ساڵانە دەیان هەزار كەس وەردەگرن، بەڵام بەكارهێنانی بابەتەكە وەك چەكێك بە دەستی رووسیا، جیا لە چەكی گازی رووسی و هەڕەشە بەردەوامەكانی بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا، ئەوانە وایان كرد ئەوروپییەكان پەنا بۆ پلانێكی نهێنی خۆپارێزی ببەن، ئەویش پێكهێنانی هێزێكی هاوبەشی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بەناوی سوپای یەكێتی ئەوروپا، بەڵام پلانەكە تا چەند كردەنییە؟

ئەو پشێوییەی تا ئێستەیش لەسەر سنوورەكانی یەكێتی ئەوروپا هەیە بە بوونی ژمارەیەكی زۆری كۆچبەران لە نێوان بیلارووسیا و پۆلەندا، نوێترین زنجیرەی رووداوەكانە لەبەردەم بەرپرسانی برووكسل، كاتێك بیر لەوە دەكەنەوە كە پێویستە لەسەر ئاستێكی درێژخایەن بۆ دابینكردنی ئاسایشی ناوخۆییان چی بكەن، وەك راپۆرتێكی "سی ئێن ئێن"، باسی كردووە.
خاڵی هاوبەش ئەوەیە پێویستە شتێك بكرێت بۆ مانەوەی ئەوروپا بە سەقامگیری
ئەو لێشاوەی كۆچبەران لەسەر سنوورەكانی پۆلەندا و زیادبوونی مەترسییەكان بەهۆی كۆكردنەوەی هێز لەلایەن رووسیا لەسەر سنوورەكانی ئۆكرانیا، جیا لە پەرەسەندنە جیۆسیاسیانەی دوایی وەك كشانەوەی ئەمەریكا لە ئەفغانستان، وایان كرد یەكێتی ئەوروپا بیر لەوە بكاتەوە كە ناتوانێ بۆ پارێزگاریكردن لەخۆی بەتەواوەتی پشت بە ئەمەریكا و هاوپەیمانی باكوری ئەتلەسی (ناتۆ)، ببەستێت، شتێكی كتوپڕیش بوو كاتێك رەشنووسی سەرەتایی پلانەكە درایە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و لەلایەن "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكییەوە ئاشكرا كرا. 

پێشنیازە سەرەكییەكە بریتییە ئەوەیە یەكێتی ئەوروپا توانای بڵاوكردنەوەی خێرای پێنج هەزار سەربازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەكان هەبێت، ئەو هێزەیش لەسەر شێوەی گرووپ لە هەموو وڵاتانی یەكێتییەكە پێك دێت، ئەوان مامەڵە لەگەڵ ئەركی سنووردار دەكەن، وەك فریاگوزاری و ئاشتیپارێزی لەسەر سنوورەكان و ئەركی مرۆیی، بۆ ئەو مەبەستەیش رەوتێكی هاوبەشی بەرگری و توێژینەوە و هەواڵگری دەبێت، لەو پێناوەیش پێویست بە زیادكردنی خەرجی نیشتمانی و ئەوروپی و پڕ كردنەوەی بۆشاییەكانی هەموو بەشەكانی یەكێتی ئەوروپا دەكات.

ئەوەی لەبارەی پلانە نوێیەكەی یەكێتی ئەوروپا بۆ دامەزراندنی سوپایەك ئاشكرا بووە، تەواو لە پلانەكەی 1999 دوورە بە دامەزراندنی سوپایەكی 60 هەزار سەربازی ئامادە بۆ بڵاوبوونەوە لە هەر ساتێك، بەڵام پلانەكەی ئێستە سەرەتایە و هەر 27 وڵاتی یەكێتییەكە پاڵپشتیان كردووە، ئاژانسەكە قسەی لەگەڵ 20 بەرپرس و دیپلۆماتكار و سیاسەتوانی یەكێتی ئەوروپا كردووە، هەموویان لەسەر خاڵێك كۆك بوونە بەوەی پێویستە شتێك بكرێت بۆ مانەوەی ئەوروپا بە سەقامگیری.

پیترۆ بیناسی، باڵوێزی ئیتاڵیا لە یەكێتی ئەوروپا گوتی، بێگومانین دەكرێ یەكێتی ئەوروپا ستراتیجیەتێكی هاوبەشی لەوبارەوە هەبێت و ئەو پلانەیش گوڕی پێویست فەراهەم دەكات، ئەو دەوڵەتی زیاترین سووربوونی لەسەر ستراتیجیەتەكە هەیە فڕەنسایە، كاتێك ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فڕەنسا خەونی خۆی بە ئەوروپایەكی بەهێز نەشاردووەتەوە، بەڵكو پێشتر داوای دامەزراندنی سوپایەكی هاوبەشی یەكێتی ئەوروپا كردووە بۆ كەمكردنەوەی پێویستی ئەوروپا بە ناتۆ و ئەمەریكا بۆ پاراستنیان.

وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لەبارەی دامەزراندنی سوپایەكی هاوبەش لە وردەكارییەكەی بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا رۆژهەڵات، بەتایبەتی پۆلەندا و ئیستۆنیا و لیتوانیا، پاڵپشتی لە پلانەكە دەكەن، بەو مەرجەی ئاماژە بۆ بوونی رووسیا وەك هەڕەشە بكات، لەوكاتەی رەشنووسەكە باسی پێوەندی خراپی یەكێتی ئەوروپا و رووسیا دەكات، بەڵام پێوەندی جۆراوجۆر بەیەكەوەیان دەبەستێتەوە و یەكێتییەكە لە مامەڵەكردن لەگەڵ مۆسكۆ بەردەوام دەبێت، بۆیە وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات نیگەرانن لە هەر پلانێك كە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی رۆڵی ناتۆ، جیا لەوان وڵاتانی ئەسكەندەنافیش لە بەرانبەر رووسیا هەست بە نیگەرانی دەكەن و خۆیان لەردەم مەترسییەكی راستەقینەی رووسیا دەبیننەوە. 

لەوكاتەی ماكرۆن و فرەنسا زیاترین گەرموگوڕیان بۆ بیرۆكەی بەرگری هاوبەشی ئەوروپا و سوپای یەكێتی ئەوروپا هەیە، بەڵام لەلایەك پەنجەی تۆمەتباری ئاراستەی رووسیا ناكات، لەلایەكی تر رەخنە لە ناتۆ دەگرێت و داوای سەربەخۆیی سەربازی و ستراتیجی ئەوروپا لە ئەمەریكا دەكات، ئەو دەیەوێ خۆی سەركردایەتی ئەو هێزە هاوبەشە ئەوروپییە بكات و بۆ ئەجینداكانی خۆی بەكاری بێنێت، هاوكات بەهۆی دووری لە رووسیاوە، دەیەوێ مەترسی رووسیا بۆ سەر یەكێتییەكە كەم بكاتەوە و تا ئێستەیش وازی لە هاوپەیمانی مۆسكۆ نەهێناوە.

بە گشتی زۆرینەی ئەوروپییەكان هەست بە بوونی هەڕەشەی رووسیا دەكەن، بەڵام هەر خۆیان بەهۆی بەرژەوەندیبیەكانیان، بەتایبەتی لەلایەن وڵاتە زیاتر دەسترۆیشتووەكانەوە وەك فڕەنسا و ئەڵمانیا، رێگری لە پلانەكە بەو شێوەی بۆ هەمووان گونجاوە دەكەن، بۆیە ئێستە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە حاڵەتێكی خراپی لێكترازانن، لەوكاتەی فڕەنسا و ئەڵمانیا گەمارۆیان خستووەتە سەر توركیا، وڵاتانی ئەوروپای نزیك لە رووسیا بۆ خۆپاراستن پەنایان بۆ توركیا بردووە بۆ كڕینی درۆن، بۆیە لەوكاتەی فڕەنسا بەتوندی پاڵپشتی لە بیرۆكەی هێزی هاوبەش دەكات، بەڵام هێزێك خۆی رابەرایەتی بكا و دوور لە نەیاری بۆ رووسیا و دووركەوتنەوە لە بازنەی ناتۆ و ئەمەریكا بێت، بۆیە هەر ئەوە وا دەكات وڵاتانی تری ئەوروپا لە بیرۆكەكە سارد ببنەوە.            



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل