فەتح: زیاتر لە 25 كورسی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە

:: PM:06:50:23/11/2021 ‌

زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق تێپەڕ دەبێت، تا ئێستە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەرقاڵی تاوتوێكردنی تانەكان و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگی هەندێك لە وێستگەكانە، سەركردەیەكی هاوپەیمانی فەتح دووپات لە گۆڕینی ئەنجامەكان دەكاتەوە.

حامد مووسەوی، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح رای گەیاند، بەهۆی بڕیارەكەی دەستەی دادوەری بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگی ئەو وێستگەیانەی لە كاتی فەرمی دانەخراون و ژمارەیان شەش بۆ 10 هەزار وێستگەیە، لە رۆژانی داهاتوودا گۆڕانكاری لە ئەنجامەكان بە زیاتر لە 25 كورسی پەرلەمانی روودەدات. بۆیە بەیەكلاكردنەوەی تەواوی تانەكان هەندێك هێز كورسیان زیاد دەكات و هەندێكیشیان كەم دەكات.

لەبارەی هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتیش، محەمەد عەبد رەبە، گوتەبێژی هاوپەیمانی عەزمی خەمیس خەنجەر (سوننە) گوتی، هیچ جۆرە گفتوگۆیەك لەنێوان هێزە سیاسییەكان نییە لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، ئەوەی دەكرێ هەوڵێكە بۆ چارەسەركردنی ئەو تەنگژەی دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان دروست بووە. بۆیە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت دوای پەسندكردنی ئەنجامەكان دەست پێ دەكات.
ئەنجامی 10 هەزار وێستگە هەڵدەوەشێتەوە، كە دەكاتە 18%ی كۆی وێستگەكان
دوێنێ هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح گوتی، بڕیارەكانی دەستەی دادوەری بە پووچەڵكردنەوەی دەنگی بەشێك لە وێستگەكان كە لەكاتی دیاریكراو دەنگدانیان نەوەستاندووە، دەبێتە هۆی پووچەڵكردنەوەی دەنگی زیاتر لە شەش هەزار وێستگە، هەروەها دەنگی چوار هەزار وێستگەی تر بەهۆی بوونی پەنجەمۆری دووبارە هەڵوەشاوەتەوە.

روونی كردەوە، بەوەیش ئەنجامی 10 هەزار وێستگە هەڵدەوەشێتەوە، كە دەكاتە 18%ی كۆی وێستگەكان كە ژمارەیان 55 هەزار وێستگەیە، ئەو ژمارەیەیش كاریگەری دەبێت و رەنگە ئەنجامەكان گۆڕانكاری گەورە بەخۆیەوە ببینن.

 ئەوە لەوكاتەی دەستەی دادوەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان پێنجشەمی رابردوو رای گەیاند كە هەشت كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوای یەكلاكردنەوەی تانەكان سەركەوتنیان بەدەست هێناوە، پێشبینی كورسی زیاتریشیان بۆ دەكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل