بلاسخارت دووپات لە پاكیی هەڵبژاردنی عێراق دەكاتەوە

:: PM:07:34:23/11/2021 ‌

یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی هەڵبژاردنی دوایی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دداننان و پاڵپشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوو بۆ پرۆسەكە و ئەنجامەكانی، جیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا و ئەوروپا و وڵاتانی تر، ئەمڕۆ نوێنەری تایبەتی ئەمینداری نەتەوەی یەكگرتووەكان لە عێراق دووپاتی لە پاكی و تەواوی پرۆسەكە كردەوە.
هەر هەوڵێكی نایاسایی بۆ گۆڕینی ئەنجامەكان بە خراپ لەسەر ئەنجامەدەرانی دەشكێتەوە
جینین هینس بلاسخارت، لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رای گەیاند، هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی رابردوو بە گشتی وەك پرۆسەیەكی تەواو پۆلێن كراوە، داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق و حزبە سیاسییەكان كرد ددان بە ئەنجامەكانیدا بنێن.

زیاتر گوتی، تۆمەتە بەتاڵەكان و هەڕەشە و توندوتیژی ئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە، دووپاتی كردەوە كە عێراق پێویستی بە سەركردەی دانا و پابەندی بە رێڕەوی دیموكراسی هەیە، ئاشكرای كرد كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دوای پەسندكردنی لەلایەن دادگای باڵای فیدرالەوە دەردەچێت، كە هەنگاوێكی گرنگە بەرەو گەڕانەوەی متمانەی خەڵك بە حكوومەت. هاوكات گفتوگۆ تاكە رێگەیە بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی ئەنجامی هەڵبژاردن.

ئاماژەی كرد، دەسەڵاتدارانی عێراق پرۆسەكەیان پیشەییانە بەڕێوە برد و ژنان ئەنجامی گرنگیان بە سوودبینین لە سیستمی كۆتا بەدەست هێنا، دووپاتی كردەوە كە هیچ بەڵگەیەك لەسەر بوونی ساختەكاری و فیڵكردن لە هەڵبژاردنەكە نییە و هەر هەوڵێكی نایاساییش بۆ گۆڕینی ئەنجامەكان بە خراپ لەسەر ئەنجامەدەرانی دەشكێتەوە. بلاسخارت ددانی بەوەیش دانا كە تا ئێستە نادیاری بەسەر چارەنووسی عێراقدا زاڵە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل