سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له‌گه‌ڵ شاندێكی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكرات له مۆسكۆ كۆبووه‌وه و دۆخی باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریایان تاوتوێ كرد، له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش میدیاكان باس له ڕێككه‌وتنی "گوڕینه‌وه‌ی خاك" له نێوان توركیا و ڕووسیا ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و ڕه‌زامه‌ندیدانی مۆسكۆ به ئه‌نكه‌ره بۆ هێرشێكی تری داگیركاری، له ئه‌گه‌ری ڕازینه‌بوونی هه‌سه‌ده به مه‌رجه‌كانی دیمه‌شق، له به‌رانبه‌ر ڕازیبوونی مۆسكۆیش به هێرشه‌كه‌ی توركیا، ئه‌نكه‌ره ده‌ست له به‌شێكی شاری ئیدلب بۆ هێزه‌كانی ڕژێمی به‌عس و ڕووسیا هه‌ڵده‌گرێت.
میدیاكانی
ڕووسیا بڵاویان كرده‌وه، كه سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له مۆسكۆ له‌گه‌ڵ ئیلهام ئه‌حمه‌د هاوسه‌رۆكی لیژنه‌ی جێبه‌جێكاری ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات "مه‌سه‌ده" كۆبووه‌ته‌وه و باس له دۆخی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی هه‌سه‌ده كراوه، هاوكات به وردیش گفتوگۆیان له‌باره‌ی ئاشته‌وایی سیاسی له سووریا له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری 2254ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كردووه، بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئارامی بۆ ناوچه‌كه و بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ زێدی خۆیان.
له ڕاگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا هاتووه، لایه‌نی ڕووسی ئاماده‌یی ته‌واوی خۆی پێشانداوه، بۆ هه‌موو هاوكارییه‌ك له پێناوی به‌دیهێنان و هاتنه‌دی ڕێككه‌وتنی گشتگیر و یه‌كلاكه‌ره‌وه له نێو مه‌سه‌ده و حكوومه‌تی دیمه‌شق، به ئامانجی كۆتاییهێنان به ته‌نگژه‌ی سووریا و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری ته‌واو بۆ خاكی سووریا و سه‌پاندنی یاسای نێوده‌وڵه‌تی له دژی هه‌ر وڵاتێكی تر كه ده‌ستدرێژی كردووه و بكاته سه‌ر خاك و ئاسمانی سووریا.
له دوای دیدارێكی كورت له‌گه‌ڵ سێرگی لاڤرۆڤ، ئیلهام ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ میخائیل بۆ‌گدانۆڤ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌ویه ڕووسیا ده‌ستیان به گفتوگۆی چڕ له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی ئاشته‌وایی له سووریا كردووه و به وردی دۆخی ناوچه‌كه‌یشیان هه‌ڵسه‌نگاندووه.
له‌لایه‌كی تره‌وه ڕۆژنامه‌ی "
العرب" ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، په‌یه‌ده و هه‌سه‌ده یاریكه‌رێكی بچووكی نێوان زلهێزه‌كان له سووریا، بۆیه ده‌یانه‌وێ باشترین پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ مۆسكۆ و واشنتن هه‌بێت، به‌ڵام گرفته‌كه له‌وه‌دایه ناتوانرێ له‌و دۆخه‌ی له ناوچه‌كه هه‌یه، له هه‌مانكات هاوپه‌یمانی ڕووسیا و ئه‌مه‌ریكا بیت، به تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا چه‌ندانجار به كرده‌یی ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه، كه ئاماده نییه ده‌سبه‌رداری توركیای هاوپه‌یمانی بێ له ناتۆ، له پێناو كورد.
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه نیكۆلا میكۆڤیتیش شاره‌زای سیاسی ڕووسی ده‌ڵێ، له‌سه‌ر هه‌سه‌ده پێویسته په‌نا بۆ ڕووسیا و ڕژێمی ئه‌سه‌د ببه‌ن، تا به پارێزراوی بمێننه‌وه، به‌ڵام به گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئه‌وه‌ی دیمه‌شقیش داوای ده‌كات، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دۆخی پێش 2011 و به كه‌مێك مافی سه‌ره‌تاییه‌وه بۆ كورده‌كان، كه ئه‌مه‌یش به‌لای هه‌سه‌ده‌وه كه‌مترین مافه، دوای ئه‌وه‌ی له ناوچه‌كه شه‌ڕی تیرۆریان كرد و كۆتایی داعشیشیان له باغۆز ڕاگه‌یاند.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا، له دوای دیداری ڤلادیمێر پووتین سه‌رۆكی ڕووسیا له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌ركۆماری توركیا له هاوینه‌هه‌واری سوچی له‌سه‌ر ده‌ریای ڕه‌ش له مانگی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری ڕابردوو، توركیا ده‌ستی به ئاماده‌كاری بۆ هێرشێكی تری داگیركاری بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات كردووه، زانیاری و سه‌رچاوه‌كانیش باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه ئه‌نكه‌ره له‌و دیداره ڕه‌زامه‌ندی مۆسكۆی وه‌رگرتووه، بۆ ئه‌وه‌ی شارۆكه‌ی ته‌لره‌فعه‌ت و كۆبانێ داگیر بكات، هه‌رچه‌نده مۆسكۆ ئه‌و ڕه‌زامه‌ندیدانه‌ی پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر توركیا به‌ڵێن و دڵنیاییه‌كی وه‌رنه‌گرتبێت، بێ بنه‌ما ده‌ست به ئاماده‌كاری بۆ جه‌نگ و هێرشێكی تر ناكات.
سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه له چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوویش دیپلۆماتكارانی مۆسكۆ و ئه‌نكه‌ره گفتوگۆی نهێنیان هه‌بووه بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێك، له پێناوی نه‌هێشتنی مه‌ترسیه‌كانی توركیا به‌هۆی بوونی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" كه به‌لای توركیا به هێزێكی سه‌ر به "په‌كه‌كه" هه‌ژمار ده‌كرێن، به بڕوای ئه‌وانیش هێزێكی "تیرۆریستین".
له‌باره‌ی ناوه‌رۆكی ڕێككه‌وتنی نێوان ئه‌نكه‌ره و مۆسكۆیش سه‌رچاوه‌كان نایشارنه‌وه، كه توركیا ئاماده‌یه ده‌ست له‌سه‌ر چه‌ند به‌شێكی شاری ئیدلب بۆ ڕووسیا و ڕژێمی ئه‌سه‌د هه‌ڵبگرێت، له‌پێناوی ئه‌وه‌ی كه ڕووسیا ڕه‌زامه‌ندی بدات، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر ته‌لره‌فعه‌ت و كۆبانێ دا بگرێت، ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتنێكی له‌مجۆره‌یش بوونی هه‌بێت، ئه‌وا هێز و پێگه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سووریا به‌و ئاسته به‌هێز نییه، تا ئه‌مه‌ریكا بتوانێ ڕێگری له‌و هێرشه بكات، چونكه وه‌ك باسمان لێوه كرد، ئه‌مه‌ریكایش ئاماده نییه به ڕووی توركیا له پێناوی كورد بوه‌ستێته‌وه، چونكه توركیا وڵاتێكی ستراتیجی ناوچه‌كه و هاوپه‌یمانیه‌تی له ناتۆ، به وه‌ستانه‌وه دژی زیاتر هانی ئه‌نكه‌ره ده‌دا، تا له رووسیا و چین نزیك ببێته‌وه، كه نه‌یاری سه‌رسه‌ختی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكان.