سماق جگه له‌وه‌ی بۆ تامی خۆراك به‌كار دێت و وه‌ك به‌هاراتێكی گرنگ له ناو خواردندا ڕۆڵ ده‌بینێت، هاوكات چه‌ندان سوودی تایبه‌تى بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ هه‌یه، له خواره‌وه‌دا سووده‌كانی باس ده‌كه‌ین.
له پێكهاته‌ی ترشی سماقدا چه‌ندان ماده‌ی به‌سوود هه‌یه، له‌وباره‌یه‌وه دكتۆر به‌در قادر سوورچی پسپۆڕ له چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی به گیاده‌رمان، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، له سووده‌كانی خواردنی سماق، چاره‌سه‌ری ئاستی شه‌كره له خوێندا ده‌كات، دژه ئۆكسانێكی به‌هێز له‌خۆ ده‌گرێت كه بۆ دژایه‌تیكردنی نه‌خۆشی سوودی زۆره، هاوكات سیستمی به‌رگریی جه‌سته‌یش به‌هێز ده‌كات.
ڕوونی كرده‌وه، "دژه شێرپه‌نجه و دژه هه‌وكردن و دژه میكرۆب و دژه كه‌ڕووه، هه‌روه‌ها خواردنی سماق بۆ ژنان دوو سوودی تایبه‌تی هه‌یه، یه‌كه‌م: یارمه‌تی به‌رهه‌مهێنانی شیری زیاتر له ژنان ده‌دات، دووه‌م: ئازاری سوڕی مانگانه كه‌م ده‌كاته‌وه."
ئاماژه‌ی دا، "شتێكی گرنگ هه‌یه ده‌بێت هاووڵاتییان دركی پێ بكه‌ن، ئه‌ویش سماقی باش ڕه‌نگی سوور نییه، به‌ڵكو ڕه‌نگی قاوه‌ییه، ئه‌وه‌ی له بازاڕه‌كاندا ده‌فرۆشرێت، سماق نییه و ڕه‌نگی هه‌نار و لیمۆندزی و كه‌په‌كه‌ی تێكه‌ڵ كراوه كه زۆر زیانی هه‌یه و نابێ بخورێت، سماقی باش ڕه‌نگی قاوه‌ییه‌كی تۆخه و توێكڵه ڕه‌شه‌كه‌ی له‌گه‌ڵدایه".
ترش دارێكی خۆڕسكه له شوێنی به‌رز و وشك شین ده‌بێت، به‌ری ئه‌م داره بریتییه له سماق. زیاتر له 250 جۆری سماق له دنیادا به‌ربڵاون كه ته‌نیا سێ جۆر سماق له كوردستان به‌رھه‌م دێت، سماقی سپی، سوور، له‌گه‌ڵ سماقی كیڤه زه‌رد. به‌چاندنی شه‌تڵی سماق ئه‌گه‌ر ھیچ نه‌خۆشییه‌ك لێی نه‌دات، ئه‌وه به سێ ساڵ به‌رھه‌می ده‌بێت. سماق سوودێكی زۆری ھه‌یه بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ، ده‌وڵه‌مه‌نده به ڤیتامینی C و پرۆتین و ئاسن و پۆتاسیۆم و كالیسیۆم و مه‌گنیسیۆم و فۆسفۆر.