وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو، وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن فەرمانبەران مەرجە، ئەگەر نا فەرمانبەر دەبێت هەموو هەفتەیەك پشكنینی نوێ بكات.
ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی تشرینی دووەم، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە مانگی داهاتووەوە هەڵگرتنی كارتی ڤاكسین ڤیزەی ئەلیكترۆنی یان پشكنینی هەفتانەی PCR، دەبێتە مەرج بۆ دەوام و فەرمانگە و زانكۆ و شوێنە گشتییەكان.
وەزیری تەندروستی گوتی، لەبارەی پرۆسەی پێدانی ڤاكسین، تا ئاستێك بەرەوپێشچوون هەیە لە بەشداربوونی هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی دژەڤایرۆسی كۆرۆنا، سێ جۆری ڤاكسینی كاریگەر و ڕێپێدراو بەردەستە بۆ پێدانی بە هاووڵاتییان.
وەزیری تەندروستی باسی لەوەش كرد، لە دوایەمین هەڵكشانی شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، بۆمان دەركەوت كە ڤاكسین ڕۆڵێكی زۆر گەورەی بینی لە دووربوون لە تووشبوون و چوونە نەخۆشخانە و مردن، بەڵام بەداخەوە كارەساتی مردنی خستە ناو ئەو كەس و خێزانانەی كە ڤاكسینیان وەرنەگرتبوو.
وەزیری تەندروستی ئەوەشی ڕاگەیاند، لە هەرێمی كوردستان بەكۆی گشتی سێ ملیۆن و 255 هەزار هاووڵاتی لە سەرەوی 18 ساڵن كە ڤاكسین وەربگرن، چوار ملیۆن و 366 هەزار هاووڵاتی لە سەرووی 12 ساڵن كە ڤاكسین وەربگرن.
لەبارەی بڕی ئەو ڤاكسینەی ئێستە لە هەرێمی كوردستان بەردەست خراوە، وەزیری تەندروستی ئاشكرای كرد، تا ئێستە بڕی دوو ملیۆن و 440 هەزار و 966 ژەم ڤاكسین دابین كراوە، هەروەها 180 سەنتەر و بنكەی پێدانی ڤاكسین كاران.
پێدانی ڤاكسین لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە و ئێستە ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی ڤاكسین كراون، لە سەرووی 35%ـە و پێشبینی دەكرێ تا كۆتایی تەمووزی ساڵی داهاتوو، ئەو ژمارەیە 70% تێپەڕێنێت.
فەیسەڵ شێخانی