سووكایەتی بە ئاڵا و سیمبولی نەتەوە كاری قوتابی نییە، كاری ئاژاوەگێڕانە. بۆیە مامۆستایانی زانكۆ و كەسایەتییە سیاسییەكان سەركۆنەی ئەو كارە قێزەونە دەكەن و پێیان وایە، ئەوە كاری ئاژاوەگێڕ و دوژمنان و نەیارانی گەلی كوردە و پێویستە بكەرانی بەسزای یاسایی خۆیان بگەن.
دكتۆر ناسیح غەفوور ڕەمەزان وەزیری پێشووی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشەی" ڕاگەیاند، ئاڵا هێما و سیمبولی گەل و نەتەوەكەمانە و هیچ كەس بۆی نییە سووكایەتی پێ بكات.
ئەو گوتی ئەم ئاڵایە یادگاری پێشەوا قازی و بارزانی نەمرە، بارزانی نەمر بەڵێنی بە قازی داوە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەم ئاڵایە لە كوردستان و چیا سەركەشەكانی كوردستان بە ئازادی و سەرفرازی بشەكێتەوە.
بە بۆچوونی دكتۆر ناسیح، سووتاندن و سووكایەتیكردن بە ئاڵا، هیچ كاتێك ڕەفتاری قوتابی نییە و بە گومانەوە دەڕوانێتە ئەو ڕەفتارە ناشیرین و قێزەونە، بێگومان حەقە بە سزای خۆیان بگەن.
ئەو دەڵێت، "لەبیرمە لە 11ی تشرینی دووەمی 1992 كە لە پەرلەمان ئەم ئاڵایەمان هەڵكرد، هەموومان لە حەسرەت و دڵخۆشیدا فرمێسكمان ڕژاند، كەچی ئێستە ئاوا بە چاوی سووكایەتییەوە تەماشا دەكرێت."
لەلایەكی ترەوە دكتۆر عومەر ڕەنگینەیی مامۆستای زانكۆی سلێمانی، بە "وشە"ی گوت، ئاڵا بۆ خۆی ھیما و سیمبولی ھەر دەوڵەت و نەتەوەیەكە، بۆ كوردیش ئاڵای كوردستان واتای زۆر گرنگی ھەیە، چونكە كورد تا ئێستە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە دنیادا.
سەدەیەك پترە بە خەبات و خوێنی ھەزاران شەھید، ئەوجا بوونە خاوەنی قەوارەیەكی خاوەن ئاڵا
ئەو دەڵێت، سەدەیەك پترە بە خەبات و خوێنی ھەزاران شەھید، ئەوجا بوونە خاوەنی قەوارەیەكی خاوەن ئاڵا كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە، ئەو ئاڵایەش سیمبول و ھێمای بەرخودان و مێژووی نەتەوەیی كوردە لە ھەموو كوردستان، بۆیە سووكایەتیكردن بەو سیمبولە سووكایەتییە بە مێژوو و ھزری نەتەوەیی مێژووی پڕ سەروەری كوردستان.
" من پێم وایە داوای خوێندكاران داوایەكی ڕەوا و یاساییە، بەڵام كاتێك كەسانی گێرەشێوێن و نەیار خۆیان دەخزێننە ناو خوێندكاران بۆ دژایەتی حكوومەتی ھەرێم و پیرۆزییەكانی نەتەوە، نابێت لێیان قبووڵ بكرێت و پێویستە سزای یاسایی بدرێن." رەنگینەیی وای گوت.
جێی باسە ڕۆژی 23ی تشرینی دووەم لە سلێمانی، لە خۆپێشاندانی قوتابیانی زانكۆی سلێمانیدا چەند كەسێكی نابەرپرس، بێشەرمانە هەستان بە سووكایەتی و ژێرپێنانی ئاڵای پیرۆزی كوردستان.
سلێمانی/ئاسان محەمەد