كانە بەردەكان مەترسی لەسەر گوندێك دروست دەكەن

:: PM:01:11:25/11/2021 ‌
گواستنەوەی بەردی كانەكان بەهۆی تڕێلە بە ناو گوندی گۆڵێ، زیانی بە رێ و تەنانەت باڵەخانەكان گەیاندووە و مزگەوتی گوندەكە خەریكە دەڕووخێت، دانیشتووانی گوندەكە داوای چارەیەك دەكەن.

ئارام عەلی یەكێك لە دانیشتووانی گوندی گۆڵێ، بە"وشە"ی راگەیاند، ساڵانێكی زۆرە كاركردن لە كانە بەردەكانی شاوەلی سیاگوێز بەردەوامە، رۆژانە 30 تا 40 بارهەڵگر و شۆفڵ كاری دەرهێنان و گواستنەوەی بەرد دەكەن.

ئەو ئاماژەی دا، مەترسی لەسەر مزگەوتی گوندەكەیان دروست بووە، لەبەرئەوەی رۆژانە ئەو بارهەڵگرانە بە كێشێكی زۆر بە ناو گوندەكەدا تێپەڕ دەبن و لەگەڵ تێپەڕبوونیان هەست بە لەرزەی زەوی دەكرێت.

هاووڵاتییەكە پێی وایە ئەگەر بە زووترین كات كاركردن لەو كانە بەردانە رانەگیرێت، ئەوا زیانی گەورە بە مزگەوت و ماڵەكانیش دەكەوێت .

ئیمساعیل غەنی ریشسپی گوند بۆ "وشە" دەڵیت، ناكرێ لە پێناوی گیرفانی چەند كۆمپانیا و شۆفێرێك زیان بە گوندەكە بگات، چونكە گۆڵێ بووەتە یەكێك لە گوندە دیار و گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەی پێنجوێن.

هێشتا كەس بە هانا و دەنگیانەوە نەهاتووە.


ئەو روونی كردەوە، چەندان جار سەردانی لایەنە پێوەندیدارەكانیان كردووە و مەترسی و زیانەكانی ئەو بارهەڵگرانە و كانە بەردەكانیان بۆ روون كردوونەتەوە، بەڵام بەداخەوە هێشتا كەس بە هانا و دەنگیانەوە نەهاتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" دەستی كەوتووە، شۆفێران و ئەو كەسانەی كار لە كانە بەردەكان دەكەن، لەو مەترسییانە ئاگادار كراونەتەوە، بەڵام دەستبەرداری كارەكەیان نەبوون.


بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا خەڵكی گۆڵێ و گوندە نزیكەكانی تر هەڵوێست وەربگرن، گردبوونەوەی ناڕەزایی رێك بخەن و رێی سەرەكی شارەدێی گەرمك و گۆڵێ لە نزیك پردی تاتان بگرن.

گۆڵێ، بە دووری 25 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای شارۆكەی پێنجوێن و دەكەوێتە سنووری شارەدێی گەرمك، خاوەنی سەیرانگەی بەناوبانگی گۆڵێیە، لە 10 ماڵ پێكهاتووە و ژمارەی دانیشتووانەكەی 37 كەسە.

پێنجێن/ رێبین پێنجوێنی




وشە - سلێمان تاشان