ئه‌ندامێكی داواكاری گشتی رای ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وانه‌ی كه سووكایه‌تی و بێڕێزی ده‌كه‌ن به ئاڵای كوردستان، به‌پێی یاسای سزادانی عێراقی ماده 202 سزا ده‌درێن و زیندانی ده‌كرێن.
له خۆپێشاندانه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی سلێمانی، له‌لایه‌ن گرووپێكی ناو خۆپێشاندانه‌كه‌وه سووكایه‌تی به ئاڵای كوردستان كرا، ئه‌وه‌یش خه‌ڵكی كوردستانی تووڕه كرد، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێوشوێنی یاسایی گرته‌به‌ر و په‌رله‌مانیش لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێكهێناوه.
ئاڵای هیچ حزب و لایه‌نێك نییه
رۆبینا ته‌یاری ئه‌ندامی لیستی هاوپه‌یمانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی له په‌رله‌مانی كوردستان، به "وشه"ی راگه‌یاند، ئاڵای كوردستان هێمای نه‌ته‌وه‌ی كورده، ئاڵای هیچ حزب و لایه‌نێك نییه و كورد به‌و ئاڵایه ده‌ناسرێته‌وه، بۆیه پێویسته رێزلێگیراو بێ.
"ناكرێ هیچ ئاین و هاووڵاتییه‌ك سووكایه‌تی به ئاڵای كوردستان بكه‌ن، خۆپێشاندان شتێكی ئاسایی و یاساییه، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی یاسا، نه‌ك ده‌ستبردن بۆ پیرۆزییه‌كان وه‌ك ئاڵا، ئه‌وه‌ی كراوه جێی داخه، هه‌مووان له‌گه‌ڵ داوای مافه‌كانی خوێندكارانین، به‌ڵام نه‌ك به‌و جۆره". ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كوردستان وای گوت.
لای خۆیه‌وه هیوا دزه‌یی ئه‌ندامی داواكاری گشتی، به "وشه"ی راگه‌یاند، له‌باره‌ی یاساوه بۆ سووكایه‌تی و بێڕێزی به ئاڵای كوردستان، له یاسای ژماره 14ی ساڵی 1999 باسی ته‌نیا له شێواز و شكڵی كردووه و سزای تێدا نییه، هه‌روه‌ها له عێراقیش یاسای ژماره 33 ساڵی 1986 هه‌یه، ئه‌ویش باسی سزای تێدا نییه، به‌ڵام له یاسای سزادانی عێراقی ماده‌ی 202 له ساڵی 1969 سزای زیندانی دیاری كردووه بۆ ئه‌وانه‌ی بێڕێزی به ئاڵا ده‌كه‌ن.
باسی له‌وه كرد، سووكایه‌تیكردن به ئاڵای كوردستان رێپێدراو نییه، كارێكی نادروسته، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی سزا دیاری نه‌كراوه بۆ بكه‌رانی ئه‌و كاره له كوردستان، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ یاسای سزادانی عێراق و له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه جێبه‌جێ بكرێت.
وشه/ سلێمانی