ئەگەری زۆرە كوردێك ببێتە سەرۆكی پەرلەمانی نەرویج

:: PM:03:33:25/11/2021 ‌
مەسعوود قەرەخانی كە بەڕەچەڵەك كوردی رۆژهەڵاتی كوردستانە، لەلایەن پارتی كاری ئەو وڵاتە پاڵێوراوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی پەرلەمان. زۆرینەی پەرلەمانی نەرویج لە دەستی پارتەكەدایە و لەوانەیە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی نەرویج دەنگدانی بۆ بكرێت.

قەرەخانی نوێنەری ویلایەتی بوسكروودە لە پەرلەمانی نەرویج، سەرۆكایەتی كۆمیتەی پەنابەرانی پارتی كار دەكات. ئەو لە تاران لە دایك بووە، بەڵام بە رەچەڵەك كورد و خەڵكی پیرانشاری رۆژهەڵاتی كوردستانە. بیژەن قەرەخانی كە دەكاتە باوكی مەسعوود، یەكێك بووە لە چالاكە كرێكارییەكانی سەرەتای شۆڕشی ئێران.

ئەو خێزانە لە دەیەی هەشتای زاینی بۆ نەرویج كۆچیان كردووە و لەوێ مەسعوود بەشی رادیۆگرافی تەواو دەكات و لە نەخۆشخانە دەستبەكار دەبێت، دواتر دەچێتە ناو پارتی كاری نەرویج و دەچێتە ناو كاری سیاسی.

رێیەكی دوور و سەختیان بڕیوە تا گەیشتوونەتە نەرویج و تەنیا یەك دۆلاریان لە گیرفاندا هەبووە

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، قەرەخانی لە نوێترین پەیامیدا كە لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، نووسیویەتی "كاتی خۆی رێیەكی دوور و سەختیان بڕیوە تا گەیشتوونەتە نەرویج و تەنیا یەك دۆلاریان لە گیرفاندا هەبووە."

هەروەها دەڵێت، كاتێك چوونەتە نەرویج، دایك و باوكی لە كێڵگەیەكی كشتوكاڵی دەستیان بە كۆكردنەوەی شلك "فراولە" كردووە، دواتر باوكی دەچێتە شارەوانی  و دایكیشی دەبێتە مامۆستا و خۆیشی بڕیارە ببێتە سەرۆكی پەرلەمانی نەرویج.

مەسعوود قەرەخانی لە ساڵی 1982 لە تاران لە دایك بووە و دەڵێ، ئەو نەوەی دوای شۆڕش بووە و ئومێدی هەبووە ئێرانێكی دیموكراتیك و پێشكەوتوو بێتە كایەوە، بەڵام شۆڕشی ئیسلامی هیچ كات ئازادی و خۆشگوزەرانی بەدی نەهێنا، ئێران و نەرویج بە نەوت دەوڵەمەندن، بەڵام لە نەرویج نەوت چۆن خراوەتە خزمەتی خەڵك و لە ئێرانیش دیارە چی لێ دەكرێت.



وشە - سلێمان تاشان