هەڵوێستی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق شلۆقە.. چی روودەدات؟

:: PM:04:06:25/11/2021 ‌

 


45 رۆژە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چووە و تا ئێستە ئەنجامی كۆتایی رانەگەیندراوە، تا دێ وێستگەی نوێ ژماردنەوەی دەنگەكانیان بەدەست بۆ دەكرێت، چاودێران پێیان وایە دۆخی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەنێوان میلیشیا دۆڕاوەكان و سەدرییەكانەوە شلۆقە.

دووشەمی رابردوو كۆمسیۆن بڕیاری دا بە ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی 870 وێستگەی تر، كە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم ژماردنەوەیان كۆتایی بێت، بەوەیش ژمارەی وێستگە ژمێردراوەكان گەیشتە نزیكەی 16 هەزار وێستگە لە كۆی 55 هەزار وێستگەی سەرانسەری عێراق.

لەوكاتەی چاودێران پێیان وایە ئەوەی لەناو كۆمسیۆن روودەدات لە گۆڕینی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن یان بڕینی پاساوی هێزە شیعە دۆڕاوەكان، بۆ مژینی كاردانەوەی ئەوانە لەكاتی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، دادوەرێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئاشكرای كرد، بڕیارە ژماردنەوەی دەنگ بۆ 870 وێستگەی تر وەك دوایین قۆناغی ژماردنەوەی دەنگەكان بكرێت، یەكشەمی رابردوویش كۆمسیۆن ئەنجامەكان دەداتە دادگای باڵای فیدرال و لەوێش 10 رۆژ دەخایەنێت، كە تا ئێستە بڕیاری لەسەر قبووڵكردن و رەتكردنەوەی سكاڵای هێزە دۆڕاوەكان نەداوە كە تانەیان لە دروستی هەڵبژاردنەكە داوە، بۆیە هیوادارین ئەو بڕیارە نەدرێت.

ئەو دادوەرە كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە، گوتی، گۆڕانكارییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بە رێژەی 90% دەبێت، لەوانە بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی دەنگی هەزاران وێستگە و ناوەندی هەڵبژاردن بەتەواوەتی، بە پاساوی ئەوانە لەدوای سەعاتی دیاریكراو بۆ داخستن، داخراون یان بەهۆی دووبارەبوونەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران یان بەهۆی دواكەوتنی رەوانەكردنی ئەنجامەكان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، ئەوەیش رەنگە بمانخاتە ناو تەنگژەیەكی ترەوە، ئەگەر ئەوانەی لەو رێوشوێنانە زیانیان پێ دەكات نارازی بن، لەبارەی ئەو كورسیانەی گۆڕانكاریان بەسەردا دێت، گۆڕانكارییەكە لە بەرژەوەندی هێزە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگین و رەنگە ژمارەی كوردسییەكان 10 یان زیاتر بێت، گۆڕانكارییەكانیش لە كەركووك و بابل و نەینەوا و بەسرە و بەغدا و هەولێر دەبێت.
تاوتوێی پلانێك دەكرێت بە زیادكردنی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان بۆ 400 و پێدانی كورسییە زیادەكان بە دۆڕاوەكان
لەوكاتەی رەوتی سەدر وریایی لە گۆڕینی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەدات، موقتەدا سەدر لەسەر بڕیارەكەی سوورە بەوەی تاكە چارەسەر بۆ رزگاركردنی عێراق پێكهێنانی حكوومەتێكی زۆرینەی نیشتمانییە، جا یان ئەوان پێكی بێنن و من دەبمە ئۆپۆزسیۆن، یان من پێكی دێنم و ئەوان دەبنە ئۆپۆزسیۆن، ئەگینا بەشداریكردنی هەردوولا روونادات، چونكە ئەوجارەیان بەشداری لە حكوومەتێكی سازانی نیشتمانی یان هاوشێوەكانی ناكەم، سەركردەیەكی هاوپەیمانی فەتح، كە میلیشیاكانی لەخۆی گرتووە رای گەیاند، ئەگەر هەڵوێستی دەسەڵاتی دادوەری نەگۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن بێت لەسەر بنەمای تانەكان، ئەوە پەرەسەندنێكی گەورە روودەدات و رەنگە شەقام بجووڵێنین و هەڕەشە لەسەر ئاشتەوایی كۆمەڵگە دروست ببێت. 

ئیبراهیم زوبێدی نووسەر دەڵێت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كەوتووەتە ناو تەنگژەوە، كە بریتین لە ژمارەیەك دادوەر دەترسن و نیگەرانن، خۆیانم لە نێوان چەكووشی چەكی میلیشیاكانی ئێران و سندانی چەكی رەوتی سەدر دەبیننەوە، كاتێك موقتەدا سەدری براوەی هەڵبژاردنەكە مەرجی بەشداری پێكردنی میلیشیاكانی بە رادەستكردنەوەی چەكەكانیان داناوە، لەوكاتەی میلیشیاكان رەتی دەكەنەوە چەكیان رادەست بكەنەوە، بۆیە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی خۆی لە هەڵوێستە شلۆقەكەی رزگار بكات، پەنای بۆ یاری ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان برد، بۆ زیادكردنی چەند كورسییەك بۆ میلیشیاكان. 

ئەو نووسەرە ئاماژە بۆ چارەسەرییەكانی ئەو تەنگژەی لە عێراق هەیە دەكات و دەڵێت، چوار سیناریۆ هەن و پێنجەمیان نییە، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، دەستبەرداری براوەكان لە سەركەوتنەكەیان، قبووڵكردنی دۆڕاوەكان بە ئەنجامەكانیان، یان جەنگی براوە و دۆڕاوەكان، واتە جەنگی میلیشیاكانی ئێران و رژێمی ئێران و لایەنگرانیان لەناو هێزە تەناهییەكان و سوپای عێراق و ئەوانەیشی لێیانەوە سوودمەندن، لەگەڵ رەوتی سەدر و ئەوانەی بەرژەوەندیان لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیراندایە لە سوپا و هەواڵگری و هاووڵاتییەكی زۆریش لە لایەنگرانی سەدر و ئەوانەیشی ترسیان لە باڵادەستبوونی میلیشیاكان هەیە. 

لای خۆیەوە د. باهرە شێخلی، نووسەرێكی تر دەڵێت، هەندێك لە شرۆڤەكارانی سیاسی پێیان وایە كە سەرەڕای هەڕشەی نێوان هێزە شیعەكان بەهۆی پۆستەوە، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی توند لەنێوانیاندا روونادات، هەریەكەیان پۆست وەربگرێت مافی ئەوانیتر دەپارێزێت، هەموویان كۆكن بەوەی ناكۆكییەكانیان نەگاتە ئاستی رووبەڕووبوونەوەیەك دەسەڵات و پارەیان لەدەست بچێت، جیا لەوەی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بە بەردەوام كارەكانیان بەپێی بەرژەوەندی وڵاتەكەی بۆ رێك دەخات. رەنگە ئەگەر ئێران بیەوێت، رووبەڕووبوونەوە روودەدات، بەڵام ئێستە تاوتوێی چارەسەریەكی گوماناوی دەكەن بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەنجامی هێزە دۆڕاوەكان لە رێگەی زیادكردنی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان بۆ 400 و پێدانی كورسییە زیادەكانیش بە دۆڕاوەكان.      

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل