دەنگۆی ئەوە هەیە لە رێگەی هەڵوەشاندنەوەی دەنگی ژمارەیەك وێستگە، ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەستكاری بكرێت، ئەندامێكی كورد لە لیژنەی باڵای سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكان وریایی دەدات، بەوەی ئەوەی هەوڵی كەمكردنەوەی كورسی كورد بدات، بەرپرسیار دەبێ و باجەكەی دەدات.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، ئەندامی لیژنەی باڵای سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكان بۆ "وشە" گوتی، جارێكی تر دەنگی 800 وێستگەی دەنگدان بە دەست دەژمێردرێنەوە، ئەوانەیش ئەو لایەنانەن كە دەنگی كەمیان هێناوە و دەیانەوێ ئەنجامەكان دوا بخرێت، كە ئەوەیش لە بەروژەندی ئەوانەیە كە ئەنجامیان نەهێناوە.
لەگەڵ ژماردنەوەی هەموو دەنگەكان بووین و هیچ گۆڕانكارییەك نەبووە
زیاتر گوتی، ئەو وێستگانە هی هەرێمی كوردستانی تێدا نییە و تا تەواو دەبێت 10 رۆژی پێویستە، روونی كردەوە، باس لەوە دەكرێ كورد كورسییەكی لە دەست داوە، ئێمە لەگەڵ ژماردنەوەی هەموو دەنگەكان بووین و هیچ گۆڕانكارییەك نەبووە، بەڵام دەستوەردان كراوە و هەموو هەوڵێك دەدرێ ئەو كارە نەكرێت، كارەكەیش لە رێگەی دادگای فیدرالییەوە دەكرێت، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی باڵا رێگری بكرێت و رێگە نەدرێت كورسی كورد كەم بكاتەوە.
"ئەو كەسەی هەوڵی كەمكردنەوەی دەنگ و كورسی كورد بدات، كە لە بەغدایە و دەست وەردەدەن لە بەرژوەندیی لایەنێك و دژی لایەنێك، خۆی دواتر بەرپرسیار دەبێت، لە كۆتاییشدا باجەكەی دەدات، بۆیە هیوادارین بەخۆیدا بچێتەوە و ئەو كارە نەكات"، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت وای گوت.
هەولێر/ بڵند ئیبراهیم