بابەتی كۆچبەرانی كورد لە سنوورەكانی بیلارووسیا، كاردانەوەی جیاوازی لێ كەوتەوە، دوور لەوەی ئەوان نیازی كۆچیان هەبووە و كەوتوونەتە ناو ململانێیەكی نێودەوڵەتی و تووشی نەهامەتی هاتوونەتەوە، بەشێك لە نەیارانی هەرێمی كوردستان بابەتەكەیان قۆستەوە و هێرشیان كردە سەر حكوومەتەكەی، بۆ ناشیرینكردنی ئەزموونە سەركەوتووەكەی، كاندیدێكی براوەی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق وەڵامی ئەو تۆمەتانە دەداتەوە.
لە ماوەی رابردوو هاوكات لەگەڵ پێشاندانی نەهامەتیی كۆچبەران لە سنوورەكانی نێوان بیلارووسیا و پۆلەندا لە میدیاكان، بەشێك لە هێزە عێراقییەكان و میلیشیاكان بابەتەكەیان قۆستەوە و بە خراپیی ئیدارەدانی حكوومەتی هەرێم و كەموكورتیان لە هەرێم بەستەوە، ئەوەیش بۆ شاردنەوەی دەیان تەنگژەی گەورە لە عێراق و سەلماندنی بوونی كێشە لە هەرێم.
چەند لایەنێك بازرگانی بە نەهامەتی كۆچبەران دەكەن و بۆ موزایەدەی سیاسی سوودی لێ دەبینن
د. ماجد شنگالی، كاندیدی براوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق رەخنەی لە هەوڵەكانی بەكارهێنان و سوودبینین سیاسیانە لە تەنگژەی كۆچبەران گرت و گوتی، لە هەموو ناوچەكانی عێراق كۆچكردن بۆ دەرەوە هەیە، بەڵام بەكارهێنانی پرسێكی مرۆیی، دەرچوونە لە ناوەڕۆكی لایەنی مرۆیی دەوڵەت.
ئەو كاندیدە براوەی پارتی داوای بەسیاسی نەكردنی پرسەكەی كرد، بەتایبەتی بابەتی كۆچی گەنج و ماڵباتەكان بۆ بیلارووسیا، ئاماژەی كرد كە چەند لایەنێكی سیاسی هەن كار بۆ سوودبینین لە نەهامەتی كۆچبەران و تانەدان لە نەیارانی سیاسان دەكەن، بۆیە لەبری ئەوە پێویستە كێشەكان چارەسەر بكرێت، بۆ كەمبوونەوەی كۆچكردن.
شنگالی ئاماژەی كرد، هەندێك لە نەیارانی پارتی هەوڵی كەمكردنەوەی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان دەدەن، لە رێگەی سەرنج خستنە سەر لایەنە نەرێنییەكان و چاولابردن لەسەر لایەنە ئەرێنییەكان، بۆیە دەبوایە ئەو هێزە سیاسیانەی لە 2003ەوە فەرمانڕەوایەتی عێراق دەكەن، كاریان بۆ پەرەپێدانی دۆخی پارێزگاكانی عێراق بكردایە لەبری هێرشكردنە سەر هەرێم.
لای خۆیەوە عامر فایز، پەرلەمانتاری پێشووی شیعە گوتی، خەریكە ململانێی سیاسی لە عێراق دەچێتە ناو هەموو شتێكەوە، بۆیە هەر دۆخێك عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت، لەلایەن هەندێك لایەنی سیاسییەوە بە خراپی سوودی لێ دەبینرێت، بۆیە چەند لایەنێك بازرگانی بە نەهامەتی كۆچبەران دەكەن و بۆ موزایەدەی سیاسی سوودی لێ دەبینن.