مۆندیال به‌بێ ئیتالیا یان پۆرتوگال به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

مۆندیال به‌بێ ئیتالیا یان پۆرتوگال به‌ڕێوه‌ ده‌چێت
:: PM:10:31:26/11/2021 ‌
تیروپشكی یارییه‌كانی پاشكۆی پاڵاوتنه‌كانی ئه‌وروپا بۆ گه‌یشتن به‌ مۆندیالی 2022 ئه‌نجام درا، له‌ هه‌ڵبژارده‌كانی ئیتالیا و پۆرتوگال یه‌كێكیان چانسی به‌شداریكردنی له‌ مۆندیالدا ده‌بێت و یه‌كێكیان به‌شداریی ناكات.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 26ی تشرینی دووه‌م، له‌ زیوریخ له‌ سویسرا، تیروپشكی یارییه‌كانی پاشكۆی پاڵاوتنه‌كانی كیشوه‌ری ئه‌وروپا بۆ گه‌یشتن به‌ مۆندیالی قه‌ته‌ڕ ئه‌نجام درا.

ئه‌نجامی تیروپشكه‌كه‌ سه‌رنجڕاكێش و به‌هێز كه‌وته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی كۆمه‌ڵێك هه‌ڵبژارده‌ی به‌هێز كه‌وتوونه‌ته‌ قۆناغی پاشكۆ، دیارترینیان ئیتالیا و پۆرتوگالن و له‌سه‌ر یه‌ك رێگه‌ی گه‌یشتنیشن به‌ مۆندیال، كه‌ ده‌بێت یه‌كێك له‌وانه‌ سه‌ركه‌وێت.

تیپه‌كان به‌سه‌ر سێ رێچكه‌ دابه‌ش كران:
رێچكه‌ی یه‌كه‌م:
سكۆتلاند – ئۆكڕاینا
وێڵز – نه‌مسا
براوه‌ سكۆتلاند و ئۆكڕاینا، به‌رانبه‌ر براوه‌ی وێڵز و نه‌مسا یاریی ده‌كات (یارییه‌كه‌ له‌ وێڵز یان نه‌مسا ده‌بێت) و یه‌كێكیان ده‌گاته‌ مۆندیال.
 
رێچكه‌ی دووه‌م:
رووسیا – پۆڵه‌ندا
سوێد – كۆماری چیك
براوه‌ی رووسیا و پۆڵه‌ندا، له‌گه‌ڵ براوه‌ی سوێد و كۆماری چیك یاریی ده‌كات و یه‌كێكیان ده‌گاته‌ مۆندیال (یارییه‌كه‌ له‌ یاریگه‌ی رووسیا یان پۆڵه‌ندا ده‌بێت).

رێچكه‌ی سێیه‌م:
ئیتالیا – مه‌كدۆنیای باكوور
پۆرتوگال – توركیا
براوه‌ی ئیتالیا و مه‌كدۆنیای باكوور له‌گه‌ڵ براوه‌ی پۆرتوگال و توركیا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن و براوه‌یان ده‌گاته‌ مۆندیال (یارییه‌كه‌ له‌ توركیا یان پۆرتوگال ده‌كرێت).

یارییه‌كانی پێش كۆتایی له‌ 24 و 25ی ئاداری داهاتوو ده‌كرێن، یارییه‌كانی كۆتاییش له‌ 28 و 29ی هه‌مان مانگ ده‌كرێن.

كیشوه‌ری ئه‌وروپا بۆ مۆندیالی 2022 به‌ گشتی 13 كورسی هه‌یه‌ بۆ به‌شداریكردن، 10 هه‌ڵبژارده‌ له‌ رێگه‌ی پاڵاوتنی كۆمه‌ڵه‌كان راسته‌وخۆ گه‌یشتوونه‌ته‌ مۆندیال، 3 هه‌ڵبژارده‌ی تریش له‌ رێگه‌ی یارییه‌كانی پاشكۆوه‌ ده‌گه‌نه‌ مۆندیال، كه‌ ساڵی داهاتوو له‌ قه‌ته‌ڕ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.







وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا