خه‌ریكه دۆخی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به ته‌واوی له به‌رژه‌وه‌ندیی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی یه‌كلا ده‌بێته‌وه، سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسیی حزبه‌كه‌یش جگه له‌وه‌ی چیتر پێوه‌ندییان به كێشه‌كانی نێوان ده‌باشان و لاله‌زاره‌وه نییه، پێیان قبووڵه تاڵه‌بانی وه‌ك سكرتێر مامه‌ڵه بكات.
له دوای هه‌شتی ته‌مووزی ئه‌مساڵ كه بافڵ تاڵه‌بانی، ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌كانی له لاهوور جه‌نگی سه‌نده‌وه و ده‌زگای زانیاری و دژه تیرۆری یه‌كێتی خستنه‌وه سه‌ر ماڵی تاڵه‌بانی، ئیتر ئه‌وه‌ی بۆ لاهوور هێشته‌وه ته‌نیا ده‌ركردنی به‌یاننامه و قسه‌ی راگه‌یاندن و په‌یجه‌كان بوو. هه‌ر ئه‌وكاته به‌شێكی زۆر له ئه‌ندامانی سه‌كردایه‌تیی یه‌كێتی، خۆیان بۆ ده‌باشان یه‌كلا كرده‌وه و ئه‌وانه‌یشی له ده‌وری لاهوور مانه‌وه، له‌ناو حزبه‌كه‌دا ده‌ركران، بۆیه ئێسته گرووپی ده‌ركراوه‌كانی ناو یه‌كێتییان پێ ده‌گوترێ.
بافڵ تاڵه‌بانی مانگێك دوای رووداوه‌كانی هه‌شتی تهمووز، له دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به ئاشكرا گوتی، لاهوور له‌ناو یه‌كێتی ته‌واو بووه. ئه‌وه‌یش سه‌لماندنی ئه‌و قسه‌یه‌یه كه له هه‌موو لایه‌كه‌وه پاڵپشتی كراوه تا ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ خۆی وه‌ك سكرتێری گشتیی یه‌كێتی به‌كار بێنێت.
لاهوور له‌ناو یه‌كێتی ته‌واو بووه
لاله‌زار، شوێنی مانه‌وه‌ی لاهوور جه‌نگی و تاقمهكهیهتی، به دیاركراوی دوای رووداوه‌كانی هه‌شتی تهمووز زۆر ناوی ده‌هێنرێ و به ڕكابه‌ری ده‌باشان داده‌نرێ كه ماڵی تاڵه‌بانی له‌وێیه.
سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كانی نێوان ئه‌و دوو كه‌سه‌ی یه‌كێتی، بۆ قاچاخچێتی و سه‌رانه و گه‌نده‌ڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه، جگه له‌وه‌ی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی ده‌ڵێن، "پێشتر لاهوور جه‌نگی زۆر له پێی خۆی زیاتر راكێشاوه و ئه‌وه‌یش بافڵ تاڵه‌بانیی تووڕه كردووه".
دوای توندكردنی ره‌وشه‌كه له‌لایه‌ن بافڵ تاڵه‌بانی له‌سه‌ر لاهوور تا كوردستان جێبهێڵێت، ئێسته دۆخی لاله‌زار شلۆق و ده‌باشان جێگیره، به‌تایبه‌ت كوشتنی موراد كانی كورده‌یی له شه‌وی پێنجشه‌می رابردوو زیاتر ترسی خسته ناو یه‌كێتییه‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرسی یه‌كێتی بۆ "وشه" ده‌ڵێ، راسته دوای هه‌شتی تهمووز زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی پشتگیریی بافڵ تاڵه‌بانییان ده‌كرد، به‌ڵام ئێسته له‌گه‌ڵ توندبوونی رووداوه‌كان، دۆخه‌كه زیاتر گۆڕاوه و ده‌باشان جمه‌ی دێت و هه‌مووان پشت له لاله‌زار ده‌كه‌ن.
مانه‌وه‌ی لاهوور جه‌نگی به ته‌نیا له لاله‌زار، به ته‌واوی ئه‌وه ڕوون ده‌كاته‌وه كه سه‌ركرده‌كانی ئه‌و حزبه پشتگیری ناكه‌ن، ته‌نانه‌ت بۆ پرسه‌ی موراد كانی كورده‌یی كه كه‌سێكی نزیك له لاهوور جه‌نگی بوو، جگه له ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سووڵ و سه‌ردار هه‌ركی، كه‌سی تر ئاماده نه‌بوون.
ئه‌وه‌ی ئێسته ڕوونه ئه‌وه‌یه كه لاهوور جه‌نگی له‌ناو یه‌كێتی ته‌واو بووه، هه‌ڕه‌شه و خزانه ناو خۆپێشاندان و نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ی به ده‌سته‌وه ماوه كه له چه‌ند ڕۆژی داهاتوو، گومان ده‌كرێ ئه‌وه‌یشی لێ كۆنترۆڵ بكرێ كه ئیتر به‌ناوی یه‌كێتییه‌وه قسه بكات.
هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی له سه‌ره‌تاوه دژی سیستمی هاوسه‌رۆكی بوون
هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی له سه‌ره‌تاوه دژی سیستمی هاوسه‌رۆكی بوون، ته‌نانه‌ت پێیان وایه ئه‌وه به‌شێكی سه‌ره‌كی كێشه‌كانه له‌ناو ئه‌و حزبه‌دا. ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، سیستمی هاوسه‌رۆكی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی گونجاو نییه، ده‌بێت سیستمێك پێڕه‌و بكرێت، له‌گه‌ڵ واقیعی ئێسته‌ی حزبه‌كه‌ی بگونجێت، دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌ی هاوڕان له‌سه‌ر به‌كارنه‌هێنانی هێز له كێشه ناوخۆییه‌كاندا.
پۆڵا تاڵه‌بانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی ده‌ڵێت، "سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له هه‌وڵدایه كێشه‌كان به‌گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكات." ئه‌و بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا گوتوویه‌تی، "هه‌ندێك جار ڕووداوه‌كان سه‌رده‌كێشن بۆ دۆخی نه‌خوازراو، له كاتێكدا ئه‌و دۆخه نه‌خوازراوه خواستی هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی له‌سه‌ر نییه به هاوسهرۆكیشهوه.
ئێسته لاهوور شێخ جه‌نگی وه‌ك هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی خۆی ده‌ناسێنێت، له‌كاتێكدا بافڵ تاڵه‌بانی دووپات له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ی ده‌كات، له‌باره‌ی سیستمی هاوسهرۆكییهوه پۆڵا تاڵه‌بانی گوتی، "به‌شێكی زۆر له ناوخۆی یه‌كێتی پێیان وایه، سستمی هاوسه‌رۆكی گونجاو نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان شتێكی گونجاو بدۆزرێته‌وه كه له‌گه‌ڵ واقیعی یه‌كێتی بگونجێت."
له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، عه‌مید موراد كانی كورده‌یی فه‌رمانده‌ی سه‌ربازیی نزیك له لاهوور شێخ جه‌نگی له ڕانیه كوژرا، دواتر میدیای یه‌كێتی هۆكاری كوشتنه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه گێڕایه‌وه، گوایه داواكراو بووه و ڕووبه‌ڕووی هێزه ته‌ناهییه‌كان بووه‌ته‌وه، به‌ڵام لاهوور شێخ جه‌نگی له گوتارێكدا ڕای گه‌یاند، "به‌رنامه‌ی تیرۆر بووه‌ته ئه‌جێندای یه‌كێتی نوێ، ڕۆژانه كادره سه‌ربازی و سیاسییه‌كان ده‌گیرێن و تیرۆر ده‌كرێن."
له‌باره‌ی لێكه‌وتنه‌وه‌ی قوربانی له كێشه ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی، پۆڵا تاڵه‌بانی گوتی، "به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ڕوون بوو، بڕیاڕی گرتنی هه‌بووه و خۆی ڕاده‌ست نه‌كردووه، له ئه‌نجامدا ئه‌و دۆخه ڕووی داوه."
له قسه‌كانی ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی ده‌رده‌كه‌وێ جیا له حزبه‌كه‌ی، ئیتر بافڵ تاڵه‌بانی له ڕێی یاسا و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانه‌وه كاره‌كانی ده‌كات، ئه‌وه‌یش هیچ بیانوویه‌ك بۆ قسه‌ی لاهوور به‌رانبه‌ر ده‌باشان ناهێڵێته‌وه.