بەیانیان بە توڕەیی لەخەو هەڵدەستیت.. هۆكار چییە؟

:: PM:07:29:28/11/2021 ‌

رەنگە تێبینی ئەوەت كردبێ هەندێك رۆژ كە لەخەو هەڵدەستیت، بێ هۆكاری دیار توڕەیت، شەو وا نەبوویت و خەونی ناخۆشیشت نەبینیوە، هەروەها رەنگە ئەو رۆژە كێشەیەك چاوەڕوانت نەكات، دەكرێ هۆكاری ئەو حاڵەتە خەمۆكی بەیانیان یان هۆكاری تر بێت.

نیشانەكانی خەمۆكیی بەیانیان هاوشێوەی خەمۆكی ئاساییە، لەگەڵ لەخەوهەستان بەهێزە، بەڵام بەتێپەڕبوونی كات كەم دەبێتەوە، هەروەها دەكرێ شێوانی سەعاتی بایۆلۆجی هۆكاری خراپیی میزاجی بەیانیان بێت، یان شێوانی هەندێك هۆرمۆنی لەش، یان هۆكاری تری پێوەست بە لەش یان دەروونی یان شێوازی ژیان.

لە حاڵەتی خەمۆكی بەیانیان دەتوانی چارەسەری رەفتار یان زانیاری یان دەرمانی دژە خەمۆكی وەربگریت، یان چارەسەری بە رووناكی، كە كار لە مادەی كیمیایی پێوەست بە میزاج لە مێشك دەكات، لە حاڵەتی شێوانی سەعاتی بایۆلۆجی، پێویستە ئەو سەعاتە رێك بخرێتەوە، واتە سەعاتەكانی نوستن و لەخەوهەستان و خواردنی ژەمەكان لەكاتی دیاریكراو و نەنوستن بە رۆژ و فەراهەمكردنی كەشێكی گونجاو بۆ نوستنی شەو و نەخواردنی قاوە و چا و ئەنجام نەدانی وەرزش بەر لە نوستن. 
دەكرێ لە رێگەی خۆراكەوە كۆنترۆلی حاڵەتەكە بكرێت
هەرچی شێوانی هۆرمۆنەكانە، وەك كۆرتیزۆل و میلاتۆنین، كە یارمەتی لەش دەدەن بۆ خۆسازكردن بۆ نوستن یان هەستان لە خەو، بۆیە شێوانیان و دەردانیان لەكاتی هەڵە، كاریگەری نەرێنی بۆ سەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی و میزاجی هەیە، دەكرێ لە رێگەی خۆراكەوە كۆنترۆلی حاڵەتەكە بكرێت.

وەك ئەوەی رێژەی مەگنسیۆم لە لەش بەرز بێت، كانزایەكە یارمەتی هێوربوونەوەی دەمار و ماسولكە دەدات، لە سپێناغ و سەوزەی رەنگ تێر هەیە، زیاتر گرنگی بە خواردنی ڤیتامین سی بدە و بەر لە نوستن خواردنی سووك بخۆ بۆ یارمەتیدانی جگەر، بۆیە ئەوەی ئێوارە دەیخۆیت، كاریگەری لەسەر شێوەی نوستن و هەستانەوەی بەیانیت هەیە، وەك كەمبوونەوەی ئاستی شەكر لە خوێندا.

خواردنی خۆراكی شیرین و چبس و پیتزا و سەموون و ماكرۆنە، شەكری خوێن بەرز دەكەنەوە، بەڵام رەنگە بە شەو داببەزێت، ئەوەیش شەكەتی و توڕەیی دروست دەكات لە بەیانیدا، بۆیە وا باشترە شەوانە سێ سەعات پێش خەوتن ژەمی شەوان بخورێت، لەگەڵ رەچاوكردنی هاوسەنگی لە رێژەی پرۆتین و كاربۆهیدرات لە خۆراكدا.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل