ئه‌مڕۆ دووشه‌م 29ی تشرینی دووه‌م، سه‌رنجه‌كان ده‌چنه سه‌ر پاریسی پایته‌ختی فڕه‌نسا، بۆ ئه‌وه‌ی براوه‌ی بالۆن دۆری 2021 بناسن، دوو یاریزانیش به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به‌ربژێرن.
ئاهه‌نگی پێشكه‌شكردنی خه‌ڵاتی تۆپی زێرین "بالۆن دۆر"، ئه‌مڕۆ سه‌عات 22:30 له شانۆی دو شاتلێ له پاریس ده‌ست پێ ده‌كات، كه گۆڤاری به‌ناوبانگی فرانس فوتبۆڵ ئه‌نجامی ده‌دات.
دیارترین به‌ربژێره‌كانی ئه‌مڕۆ بۆ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه، لیۆنێل مێسیی ئه‌ستێره‌ی ئه‌رجه‌نتین و یانه‌ی پاریس سانجێرمان و رۆبێرت لێڤاندۆڤسكیی ئه‌ستێره‌ی پۆڵه‌ندا و یانه‌ی بایرن میونشنن، هه‌روه‌ها باس له بوونی كه‌ریم بنزێمای هێرشبه‌ری فڕه‌نسا و ریال مه‌دریدیش ده‌كرێت.
گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ، كه له ساڵی 1956ـه‌وه خه‌ڵاته‌كه پێشكه‌ش ده‌كات، پێشتر ناوی 30 یاریزانی وه‌ك به‌ربژێر بۆ خه‌ڵاتی ئه‌مساڵ راگه‌یاندبوو، كه له 9ی ئۆكتۆبه‌ری رابردووه‌وه ده‌نگدان بۆ ده‌ستنیشانكردنی باشترین یاریزان له ناو رۆژنامه‌نووسانی گۆڤاره‌كه ده‌ستی پێ كرد.
براوه چۆن ده‌ستنیشان ده‌كرێت؟
براوه‌ی بالۆن دۆر له رێگه‌ی ده‌نگدانی 180 رۆژنامه‌نووسی گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كرێت، كه هه‌ریه‌كێكیان له كۆی 30 به‌ربژێره‌كه، 5 كه‌س هه‌ڵده‌بژێرن، كه یه‌كه‌میان 6 خاڵ، دووه‌م 4 خاڵ و سێیه‌میش 3 خاڵ وه‌رده‌گرێت، هه‌روه‌ها چواره‌م 2 خاڵ و پێنجه‌میش 1 خاڵ وه‌رده‌گرن، كامه یاریزان زۆرترین خاڵ كۆبكاته‌وه، به براوه داده‌نرێت.
خه‌ڵاتی ئه‌مساڵ یه‌كه‌م جاره دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێشكه‌ش ده‌كرێت، دوای ئه‌وه‌ی ساڵی رابردوو به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگه‌كه هه‌ڵوه‌شایه‌وه و به كه‌س نه‌درا.
دوایاریزان كه خه‌ڵاته‌كه‌ی بردووه‌ته‌وه، لیۆنێل مێسی بوو له 2019، كه بۆ جاری شه‌شه‌م خه‌ڵاته‌كه‌ی برده‌وه، ئه‌م جاره‌ش به‌ربژێری سه‌ره‌كییه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه بباته‌وه.
زۆرترین براوه
تا ئێسته لیۆنێل مێسی زۆرترین جار براوه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌یه، كه 6 جاره، له دوای ئه‌و كریستیانۆ رۆناڵدۆ دێت، كه 5 جار براوه بووه، هه‌روه‌ها هه‌ریه‌كه له یۆهان كرۆیفی هۆڵه‌ندی، ڤان باستنی هۆڵه‌ندی و میشێل پلاتینیی فڕه‌نسی هه‌ریه‌كه 3 جار خه‌ڵاته‌كه‌یان به‌ده‌ست هێناوه له مێژوودا.
بالۆن دۆر چییه؟
خه‌ڵاتی تۆپی زێڕین "بالۆن دۆر" خه‌ڵاتێكی ساڵانه‌ی به‌پێزه، كه گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1956ـه‌وه به باشترین یاریزانی تۆپی پێی ده‌دات، پێشتر خه‌ڵاته‌كه تا ساڵی 1995 به باشترین یاریزانی ئه‌وروپی ده‌درا، دواتر سیستمی خه‌ڵاته‌كه گۆڕا و بڕیار درا بدرێت به باشترین یاریزان له خوله‌كانی ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ش هه‌لی ره‌خساند یاریزانانی ئه‌مریكای باشوور و ئه‌فریقا و كیشوه‌ره‌كانی تر چانسی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌یان هه‌بێت، یه‌كه‌م یاریزانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپاش جۆرج ویای لیبیریایی بوو، كه له 1995 خه‌ڵاته‌كه‌ی به‌ده‌ست هێنا.
دواتر له 2007 بڕیار درا خه‌ڵاته‌كه بۆ هه‌ر یاریزانێك بێت له جیهاندا و ته‌نیا بۆ یاریزانانی خوله‌كانی ئه‌وروپا نه‌مایه‌وه، له 2010 خه‌ڵاته‌كه بووه خه‌ڵاتی هاوبه‌شی گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ و فیفا و ناوه‌كه‌شی گۆڕا بۆ "تۆپی زێڕینی فیفا"، به‌ڵام ئه‌م هاوبه‌شییه زۆری نه‌خایاند و له 2016 جیا بوونه‌وه، فیفا خه‌ڵاتێكی تایبه‌ت به خۆی راگه‌یاند، كه ناوی "THE BEST"ـه و بالۆن دۆریش وه‌ك خۆی مایه‌وه و ئێسته‌ش به‌رده‌وامه.