بڕیارێك بۆ پێشمەرگە دەرچوو

:: PM:12:32:29/11/2021 ‌

 

وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەرزكردنەوەی پلەی حەوت هەزار و 832 پێشمەرگەی ڕاگەیاند كە لە ئاستی جیاوازیی پلەی سەربازین.

ئەمڕۆ دووشەم 29ـی تشرینی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، بەفەرمانی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، حەوت هەزار و 832 پلەدار و پێشمەرگەی سەربە دیوان و لیواكانی پێشمەرگە لە خشتەی نەورۆزی 2021دا، بڕیاری پلە بەرزكردنەوەیان دەرچوو.

بارزان رەزا مستەفا بەڕێوەبەری هۆبەی پلە بەرزكردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگەدا رای گەیاندووە،  بە فەرمانی وەزیری پێشمەرگە، پلەدار و كارمەندی وەزارەتی پێشمەرگە پلەیان بەرز كرایەوە، هەروەها لیستی پلە بەرزكردنەوە بەسەر دوو لیست دابەش كراوە و لیستی یەكەم، حەوت هەزار و 777 پلەدارن و لیستی دووەم 55 پلەداری پێشمەرگەیە. 

باسی لەوەش كردووە، ئێستە تەواوی ئەو كارمەند و پێشمەرگانە بەپێی خزمەتی سەربازی و بڕوانامەكانیان، دابەش كراوە بەسەر هەردوو لیست، لەدوای پلە بەرزكردنەوەی كارمەندان و پێشمەرگە، ئامادەكارییەكانی خشتەی پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانیش لە قۆناغی كۆتاییدایە، بڕیاریشە بەمنزیكانە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بكرێت.

پلە بەرزكردنەوەی پێشمەرگە بۆ ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی تەنگژەی دارایی وەستاوە، ئێستە بەهۆی باشبوونی دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان، پلە بەرزكردنەوە دەستی پێ‌ كردووەتەوە.


 



وشە - رامیار جەواد