وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی عێراق ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە نەیتوانیوە بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان، كە تەنیا لە سێ مادە پێكهاتووە، وەك خۆی دابەش بكات، ساڵی رابردوو بەشەخۆراكی چوار مانگ بە ناتەواوی دابەش كرا، ئەمساڵیش تا ئێستە بەشەخۆراكی پێنج مانگ دابەش كراوە، كە بە شێوەی ناتەواو بووە.
لە عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر لە 36 ملیۆن هاووڵاتی لە بەشەخۆراكی مانگانە سوودمەندن، زیاتر لە نیوەی هاووڵاتییان بەشەخۆراكی مانگانە وەردەگرن، ئەوەی تری دەوڵەمەند و سەرمایەدار و چینی سەرەوەن، لەگەڵ ئەوەیش زۆربەی زۆری ئەوانەی بەشەخۆراك وەردەگرن پشتی پێ دەبەستن و بەشێك لە بژێوییان دابین دەكات.
شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ تا ئێستە بەشەخۆراكی پێنج مانگ دابەش كراوە، تەنیا بەشەخۆراكی مانگەكانی دوو، سێ، پێنج، حەوت و نۆ دابەش كراوە، ئەوەیشی هاتووە هەموو مادەكان نەبووە، مانگ هەبووە زەیت نەدراوە، مانگ هەبووە برنج نەدراوە.
كوالێتی مادەیەكی بەشەخۆراك خراپ بوو، هاووڵاتی وەری نەگرێ و پێویستە بریكارەكە بیگەڕێنێتەوە
روونی كردەوە، بەشەخۆراكی مانگی تشرینی دووەم تا ئێستە بە دەستمان نەگەیشتووە و چاوەڕێ دەكەین وەزارەتی بازرگانی عێراق بەشەخۆراكی ئەو مانگەیشمان بۆ بنێرێت، واتە بۆ ئەمساڵ تەنیا دوو بەشەخۆراك برنج دابەش كراوە، زەیتیش تەنیا چوار مانگ دراوە.
لەبارەی قەرەبووكردنەوەی ئەو مانگانەی كە بەشەخۆراك نەدراوە، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراكی سلێمانی دەڵێت، ئەو بابەتە پێوەندیدارە بە وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئەو هەرچی بڵێت ئێمە جێبەجێی دەكەین، بۆیە چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتین بزانین چ بڕیارێك دەدەن لەو بارەوە.
لەماوەی سێ مانگی رابردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاری دا لەتكە نۆك و دۆشاو و فاسۆڵیا و نیسك بۆ بەشەخۆراكی مانگانە زیاد بكات، بەڵام ئەوەیش گرفتی دروست كرد، هەرچی لەتكە نۆكەكەیە كوالێتی خراپە و هاووڵاتییان بەكاری ناهێنن، بەشە دۆشاویش بۆ دوو كەس یەك قووتوو دانراوە، ئەگەر خێزانێك سێ كەس بن گرفت دروست دەبێت، دەبێت بیفرۆشنەوە یان دەبێت پارە بدەن تا قووتوویەكی تر وەربگرن.
لای خۆیەوە نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، داوامان لە وەزارەتی بازرگانی عێراق كردووە روونكردنەوەمان لەبارەی دابەشكردنی خۆراك پێ بدات كە بۆچی مادەكانی بەشەخۆراك لەكاتی خۆیدا دابەش ناكرێت، لە وەڵامدا پێیان گوتین كە ئەو خۆراكەی ئەوان لە دەرەوە دەیكڕن، هەمووی لە یەك وڵات نییە و هەر مادەیەكی لە وڵاتێك دەكڕن، ئەمەیش گرفتی دروست كردووە.
ئاماژەی كرد، لە ساڵی 2020 بودجە پەسەند نەكرا، بۆیە كار بە یەك لەسەر 12ی بودجەی 2019 كرا، بەڵام تەنیا بەشەخۆراكی چوار مانگ درا، ساڵی 2021 بودجە پەسەند كرا و پارەیەكی باش بۆ بەشەخۆراك دانرا، بەڵام تا ئێستە بەشەخۆراكی پێنج مانگ دابەش كراوە، ئەویش بە شێوەیەكی ناتەواو، لەوكاتەی لە عێراق تەواوی هاووڵاتییانی بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراك تۆمار كراون.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی هەرێم دووپاتی كردەوە، لە پلان دان بۆ ئەوەی ژمارەی ئەوانەی تۆمار كراون بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراك كەم بكەنەوە و چەند چین و توێژێك لە وەرگرتنی بەشە خۆراك لا دەبرێن، بۆیە بەرنامەی خۆراكی جیهانی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق دەیانەوێ پسوولەی خۆراك بگۆڕن بۆ ئەلیكترۆنی، لە بارەی كوالێتی بەشەخۆراكیش روونی كردەوە، زەیت و شەكرەكە تا رادەیەك باشە، ئەوەی دەمێنێتەوە برنجەكەیە و گرفتی كوالێتی هەیە.
هەر لەو بارەوە كاسترۆ مەعرووف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو شێوازەی ئێستە كە وەزارەتی بازرگانی عێراق لە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانە جێبەجێی دەكات، گرفتی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە، هاووڵاتی دەبێ هەر جارەو بۆ مادەیەكی بەشە خۆراك بچێتە لای بریكارەكە و بە چەندان سەردانیكردن تا بەشە خۆراكی مانگێك وەردەگرێت.
هەروەها گوتی، هەندێك جاریش گرفت لە كوالێتی بەشەخۆراكەكە هەیە، بۆیە هەركاتێك هاووڵاتییان زانییان مادەیەكی بەشەخۆراكەكە لە رووی كوالێتییەوە خراپە، با وەری نەگرن و لەسەر بریكارەكەیش پێویستە بیگەڕێنێتەوە و مادەی باشتر بێنێت، دووپاتی كردەوە كە بەردەوام پشكنین بۆ بەشەخۆراكەكان دەكرێت و بە گوێرەی راپۆرتەكانی خۆیان خۆراكەكان خراپ نین.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی