پیاوێك باڵەخانەی تاج محەل بۆ هاوسەرەكەی دروست دەكات

:: AM:10:13:30/11/2021 ‌
سەرمایەدارێكی هیندی بەهۆی خۆشەویستییەكی زۆر بۆ هاوسەرەكەی، باڵەخانەیەك لە شێوەی باڵەخانەیەكی شوێنەواری دروست دەكات كە ئەو باڵەخانە شوێنەوارییە لە هیند، بە "تاج مەحەل" ناو دەبرێ و بە شوێنەوارێكی گرنگی دنیا تەماشا دەكرێت.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ سێشەم 30ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، "تاج مەحەل" كە باڵەخانەیەكی زۆر ناوداری دنیایە و دەكەوێتە شاری ئاغرا لە هیندستان، لە سەدەی 17 بە فەرمانی ئیمپراتۆر "شا جیهان" بۆ هاوسەرەكەی دروست كراوە كە ناوی "شاژنە مومتاز" بووە. ئێستەیش ئەو سەرمایەدارە هیندییە بۆ خۆشەویستیی هاوسەرەكەی، كۆپیی ئەو باڵەخانەیەی بە بچووككراوی دروست كردووە.

باڵەخانەكە لەسەر 200 دۆنم زەوی دروست كراوە


ئەناند براكاش شوكسی ناوی سەرمایەدارە هیندییەكەیە كە تەمەنی 52 ساڵە، هەمان دیزاینی "تاج مەحەل"ی بە بچووككراوی لە شاری بەرهانبور لە ویلایەتی مادیا برادیش لە ناوەندی هیندستان دروست كردووە، باڵەخانەكە لەسەر 200 دۆنم زەوی دروست كراوە و تێچووەكەی گەیشتووەتە 20 ملیۆن روپیەی هیندی، كە دەكاتە 260 هەزار دۆلاری ئەمەریكایی.

"تاج مەحەل" لە هیندستان بە شوێنێكی شوێنەواری و گەشتیاریی ناودار تەماشا دەكرێت، بەرلە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە، رۆژانە بەلای كەمەوە 70 هەزار كەس سەردانیان دەكرد.

ئەناند براكاش شوكسی لەبارەی دروستكردنی باڵەخانەكە گوتوویەتی، راستە "تاج مەحەل"م بە بچووككراوی وەك خۆشەویستییەك بۆهاوسەرەكەم دروست كردووە، بەڵام وەك دیاری پێشكەشی شارەكەی دەكەم كە دڵنیام رۆژانە خەڵكێكی زۆر وەك گەشتیار سەردانی دەكەن.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د