شێركۆ كه‌ریم (جل سپی) یاریزانی یانه‌ی هه‌ولێر، به سه‌ره‌كی به‌شداریی یارییه‌كه‌ی كرد
له یه‌كه‌م یاریی خۆیدا له جامی عه‌ره‌ب، هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له تۆپی پێ به ئاسته‌م و به یارمه‌تی سیستمی ڤار، به‌رانبه‌ر عومان له شكست رزگاری بوو.
یارییه‌كه كه‌مێك پێش ئێسته، له ركابه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌می جامی عه‌ره‌ب كۆتایی هات، كه له یاریگه‌ی وه‌كڕه له قه‌ته‌ڕ به‌ڕێوه‌چوو.
یارییه‌كه دراماتیكی و سه‌یر بوو، ئه‌نجامه‌كه‌شی له كۆتاییدا به 1-1 گۆڵ كۆتایی هات.
گێمی یه‌كه‌م به‌بێ گۆڵ بوو، به‌ڵام له گێمی دووه‌مدا و له خوله‌كی 68دا یاسر سه‌فا له هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به كارتی سوور ده‌كرا، دوای ئه‌وه‌ی دوو كارتی زه‌ردی وه‌رگرت.
دواتر له خوله‌كی 78 لێدانی سزا بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عومان هه‌ژمار كرا، كه سه‌ڵاح یه‌حیایی كردییه گۆڵی تیپه‌كه‌ی.
له خوله‌كه‌كانی كۆتاییدا عێراق فشاره‌كانی زیاتر كرد و ناوبژیوانیش 5 خوله‌ك كاتی زیادكراوی هه‌ژمار كرد، له خوله‌كی 90+5 ناوبژیوان به یارمه‌تی سیستمی ڤار په‌ناڵتی بۆ عێراق هه‌ژمار كرد، كه یاریزانێكی عومان درێسی یاریزان ئه‌یمه‌ن حوسێنی هێرشبه‌ری عێراقی راكێشا.
ئه‌یمه‌ن حوسێن نه‌یتوانی لێدانه سزاكه گۆڵ بكات و گۆڵپارێزی عومان تۆپه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه، به‌ڵام به هۆی ناڕه‌زایی راهێنه‌ری عێراق، ناوبژیوان جارێكی تر به یارمه‌تی ژووری ناوبژیوانانی ڤار، لێدانه سزاكه‌ی دووباره كرده‌وه، چونكه گۆڵپارێزی عومان له هێڵی گۆڵ هاتبووه ده‌ره‌وه، دواجار له خوله‌كی 90+8دا حه‌سه‌ن عه‌بدولكه‌ریم ئه‌مجاره لێدانه‌كه‌ی جێبه‌جێی كرد و گۆڵی تۆمار كرد.
به‌م شێوه‌یه عێراق له یه‌كه‌م یاریی خۆیدا له جامی عه‌ره‌ب له شكست رزگاری بوو.
وه‌شانی ده‌یه‌می جامی عه‌ره‌ب، ئه‌مڕۆ سێشه‌م 30ی تشرینی دووه‌م له قه‌ته‌ڕ ده‌ستی پێ كرد، كه 16 هه‌ڵبژارده به‌شدارن.
ئه‌مشه‌و دوو یاریی تریش له پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه ده‌كرێن:
قه‌ته‌ڕ – به‌حرێن 19:30
ئیمارات – سووریا 22:00.