لای رووسیا هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی گرنگی دیپلۆماسییە

:: AM:11:36:01/12/2021 ‌
دكتۆر دانەر ئەبوبەكر نوێنەری کاربەڕێکەری حکوومەتی هەرێم لە رووسیا، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" باس لە پێوەندییە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رووسیا دەكات. ئەو پێی وایە رووسیا گرنگی زۆری بە هەرێم داوە و لەو چوارچێوەیەشدا هەمیشە پێی وایە كوردستان ناوچەیەكی ئارامە و ستراتیجییە، دەشڵێت، لەبارەی كۆچبەرانەوە رووسیا هەموو لایەكی ئاگادار كردووەتەوە كەس خاكەكەی بۆ گەیشتن بە ئەوروپا بەكار نەهێنێت.

‎گرنگی هەرێمی كوردستان بۆ رووسیا لە چیدایە، لە رووی ئابووری و دیپلۆماسی و پێوەندییەكان؟  
‎هەرێمی كوردستان بووەتە ناوچەیەكی گرنگ و ستراتیجی لەناو نەخشەی سیاسی و جیۆگرافیا و ئابووری ناوچەكە و دنیا، جا ئەو  گرنگییەش بۆ رووسیا كە خاوەنی پێوەندیی مێژوویی و ئابووری و كۆمەڵایەتی زۆرە لەگەڵ كورد بە گشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، بووەتە جێی بایەخ هەر لەگەڵ ددانان بە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری لە عێراق و ناوچەكەدا، من جارێكی تریش ئەوە دەڵێمەوە ئەگەر هەرێمی كوردستان شوێنی جیۆسیاسی رووسیا نەبێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە دراوسێی ئەو شوێنەیە كە دەروازەی جیۆسیاسی رووسیایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. 

‎دیارە چەند كۆمپانیای رووسی لە كوردستان كار دەكەن؟
ئێستە گەورە كۆمپانیاكانی رووسی لە هەرێم كار دەكەن، لەوانە كۆمپانیای گازپرۆم نێفت و ڕۆسنێفت كە دوو لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی رووسیان، هەروەها چەند كۆمپانیایەكی بچووك و مامناوەند، بە نیازن كاروبار و كاركردنیان لە كوردستان فراوانتر بكەن بە تایبەتی لە بواری بزنسی بچووك و مامناوەند.

‎رووسیا تا چەند پێی وایە كوردستان ناوچەیەكی ئارامە لە عێراقێكی پڕ كێشە و گرفت و نائارامی؟
‎رووسیا هەمیشە كە باسی عێراق دەكات، هەرێمی كوردستانیش ئاماژە پێ دەكات و جیاكەرەوەیەكیش لە باس و قسەكانیاندا بەدی دەكرێت، بۆ نموونە چەند ساڵێك لەمەوبەر سەرۆكی رووسیای فیدراڵ ڤلادیمێر پوتین گوتی، ئێمە كار لەگەڵ بەغدا دەكەین و لەگەڵ هەولێریش، كوردستان وەك ناوچەیەكی گرنگ و ئارام و سەنتەرێكی دیپلۆماسی گرنگ لە ناوچەكەدا. هەر ماوەیەك لەمەوبەر لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، نموونەیەكی جوانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی لە عێراق بۆ كورد هەیە، مەبەستی هەرێمی كوردستان بوو كە دەتوانرێت ئەو شێوازە حوكمڕانی و سیستمە بۆ كوردانی سووریاش سوودی لێ ببینرێت. 

‎ئارامی و سەقامگیری هەرێم تا چەند هاندەرە بۆ ئەوەی رووسیا گرنگی بە ناوچەكە بدات؟
‎ ئارام و سەقامگیری بۆ هەموو وڵاتێك گرنگ و پێویستە بۆ ئەوەی ببێتە جێی سەرنج و گرنگی دەوڵەتانی دنیا و وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی، هەرێمی كوردستان لەم ڕووەوە تەواو سەركەتوو بووە، رووسیاش وەك دەوڵەتێكی كاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیاشدا، ئاشتی و ئارامی زیاتر لە بەرژەوەندیدایە و هەمیشە دەسەڵاتدارانی رووسیا دووپات لەسەر ئەوە دەكەنەوە، دەبێت هەموو كێشە و پرسە نێودەوڵەتییەكان بە گفتوگۆ و دیپلۆماسی و لێك تێگەیشتن چارەسەر بكرێت لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی، ئەو بابەتەش مەبەستم ئاسایش و تەناهیی هەرێمی كوردستانە، بەرژەوەندی نەتەوەی هەردوو لایەن پڕ دەكاتەوە و وا دەكات باشتر بەیەكەوە كار بكەن و ئاشتی و ئارامی زیاتر لە ناوچەكەدا بەرقەرار بێت. 

‎ ئەو سەردانانەی كە هەردوولا ئەنجامی دەدەن، بە چ مەبەستێكە و لە چ روویەكەوە گرنگی دەبێ؟
‎ سەردان و پێوەندییە دووقۆڵییەكانی هەردوو لایەن بۆ زیاتر پێشخستنی پێوەندییە سیاسی و ئابووری مێژووییەكانی نێوانمانن، هەروەها گفتوگۆكردن لەسەر پرسە نێودەوڵەتییەكان بە تایبەتی پرسی سووریا، بەتایبەتی چارەنووسی كوردانی ڕۆژئاوا كە لای سەرۆك بارزانی جێیەكی زۆر گرنگی هەیە و زۆر بەپەرۆشە بۆیان، هەر بۆ زانیاریتان بۆ یەكەمین جار كوردانی سووریا كە سەردانی رووسیان كرد، لەسەر داخوازی جەنابی سەرۆك بوو لە دەسەڵاتدارانی رووسیا، كە هاوكاری چارەسەری پرسی كورد بن لە سووریادا، ساڵانێكی زۆر تەنانەت لە مافی هاووڵاتیبوون بێبەری بوون، هەروەها كێشەی پەنابەرانیش كە بووەتە پرسێكی نێودەوڵەتی، لام وایە دەبێتە باسی هەردوو لایەن لەمە بەدواوە. 

‎ لەبارەی پرسی كۆچكردنەوە رووسیا چۆن دەڕوانیتە هەرێم، مەبەستم ئەوەیە رووسیا پێی وایە كوردستان هێندە ناوچەیەكی نائارام و ئابووری خراپە ئەو هەموو كۆچەی تێدا بكرێت؟
‎ راستییەكەی ئەوان تایبەت لەسەر كوردستان قسە و هەڵوێستیان پێشان نەداوە، ئەوەی هەیە هەموو لایەكمان گوێبیستی بووین رووسیا لەسەر ئەو بابەتە زیاتر باس لە سیاسەتی ڕۆژئاوا دەكات لە رابردوو بەرووی عێراقدا، پرسی كۆچبەران لەسەر زاری لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا، پرسێكی نوێ نییە و لە رابردوودا ئەوروپا هاوكاری توركیای كردووە لەسەر ئەو پرسە، پێویستیشە هاوكاری بیلاڕووسیا بكات، لە هەمان كاتدا رووسیا بە وردی چاودێری پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكات لەبارەی پرسی كۆچبەران لەسەر سنورەكانی بیلاڕووسیا و پۆڵەندا. با ڕاشكاو بین لەگەڵ خەڵكی خۆمان، رووسیا زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەكات و ڕێ نادات ناو و ریپۆتەیشنی بكەوێتە ژێر مەترسییەوە لەسەر پرسی كۆچبەران، بۆیە هەموو لایەكی ئاگادار كردووەتەوە كەس بیر لە بەكارهێنانی خاكی رووسیا نەكات بۆ گەیشتن بە ئەورووپا، ئەو پرسەی ئێستەش هاتووەتە ئاراوە، وەك هەموو دەوڵەتانی دنیا و لەو كاتەدا پێیان زانیوە و گوێبیستی بوون. 

‎ وەك نوێنەرایەتی كارتان كردووە بۆ ئەوەی كۆمپانیای زیاتر بێنە هەرێمی كوردستان؟
‎نوێنەرایەتی زۆر دیدار و چاوپێكەوتنی گرنگی لە ماوەكانی رابردوو لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی رووسیا و ژووری بازرگانی مۆسكۆ، باڵوێزی ئابووری رووسیا بۆ عێراق ئەلیكساندەر لارین، ئەنجوومەنی بزنسی عێراق و رووسیا كە ئێستە باڵاترین دامەزراوەی بازرگانیی ئەم وڵاتەن لەگەڵ عێراق، چەند كۆمپانیایەكی تر لە بواری زۆر گرنگ و ستراتیجی ئەنجام داوە بە مەبەستی راكێشانیان بۆ كوردستان، ئێستە ئامادەكاری دەكەن و لام وایە بەمزووانە، ئەگەر پێش سەری ساڵی نوێ نەبێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە دوای سەری ساڵی نوێ ئەنجامەكان دەبینین.

‎لە داهاتوودا بڕیار هەیە كاری فراوان و وەبەرهێنان و كۆمپانیا رووسییەكان كاری وەبەرهێنان زیاتر بكەن لە كوردستاندا؟
‎ماوەیەك لەمەوبەر چەند ریستۆرانت و كافێ و هۆڵێكی لەشجوانی ژنان لە هەولێر لەلایەن وەبەرهێنەرانی رووسیا كراونەتەوە، هەروەها زۆر كۆمپانیای تر دەیانەوێ بێنە كوردستان كار بكەن، لە سەرەتای ساڵی داهاتوو لەو باوەڕەدام زۆر شت لەو بوارانەدا زیاتر بەدەر بكەون.

هۆشیار عەلی



وشە - رامیار جەواد