مامۆستایه‌كی زانكۆی سۆران ئاشكرای ده‌كات، ده‌سته‌واژه‌یی "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان" دوو هه‌ڵه‌ی تێدایه.
ئێسته هه‌ڵمه‌تی 16ی ڕۆژه‌ی هۆشیاری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رێوه ده‌چێت، د.یادگار ڕه‌سووڵ مامۆستای زانكۆی سۆران، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ده‌سته‌واژه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان دوو ھه‌ڵه‌ی زه‌قی تێدایه و ده‌كرێ ڕاستكردنه‌وه‌ی بۆ بكرێت.
ئه‌و مامۆستای زانكۆ روونی كرده‌وه كه به‌ره‌نگاربوونه‌وه جۆرێكه له توندوتیژی، كه‌واته ھه‌ڵه‌یه توندوتیژی به توندوتیژی چاره‌سه‌ر بكرێ، ڕاستتره بوترێ نه‌ھێشتنی یان كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی.
دووپاتی كرده‌وه، توندوتیژی دژی ژنان ناكرێ، كه له‌ده‌سته‌واژه‌كه وا ده‌وترێ، به‌ڵكو توندوتیژی له‌گه‌ڵ ژنان ده‌كرێ، بۆیه ڕاستتره بگوترێ به‌رانبه‌ر ژنان، ئه‌م هه‌ڵه‌یه ته‌نیا له چالاكییه‌كان ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه، به‌ڵكو ناوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه و بنكه و نووسینگه‌كانیش به‌هه‌ڵه ده‌نوسن.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه ساڵانه له هه‌رێمی كوردستان، 16 ڕۆژ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندتیژی دژی ژنان هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری به‌رێوه ده‌چێت.
سۆران/ موڕشید برادۆستی