شارەزایەك: سەدر و حەلبووسی و پارتی لە یەكتر نزیكن

:: PM:08:30:01/12/2021 ‌

دوای ئەوەی دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجامەكان رەوانەی دادگای باڵای فیدرال كران بۆ پەسندكردنی، شارەزایەكی سیاسی عێراق دووپاتی كردەوە كە سەدر و حەلبووسی و پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت لەیەكتر نزیك بوونەتەوە.

لە 5ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر، براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدوم و هۆشیار زێباری، سەرۆكی تیمی گفتوگۆكاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و هەریەك لە عەمار  حەكیم و حەیدەر عەبادی لە بەغدا لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بەڕێوە چوو.
پێویستە براوەكان بە پێوەر و تایبەتمەندی تەواو جیاواز لە پێشوو حكوومەت پێك بێنن
مەناف مووسەوی، شارەزا لە كاروباری سیاسی عێراق دووپاتی كردەوە كە لێكنزیكبوونەوە لە نێوان رەوتی سەدر و تەقەدوم و پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.

زیاتر گوتی، لێكگەیشتن و گفتوگۆ لە نێوان هەرسێ لایەن هەیە، ئەوەیش لەسەر بنەمای ئەو دیدەی موقتەدا سەدر خستیییە روو بەوەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق لە تەوافوقییەوە بۆ زۆرینەی نیشتمانی بگۆڕدرێت بە پێكهێنانی بەرەی لایەنگران، ئەگەرچی پێشبینی ناكرێ كە كارەكە بە ئاسانی بەڕێوە بچێت، بەهۆی بوونی چەند كێشەیەك دەبێت چارەسەر بكرێن.  

ئەو شارەزایە ئاماژەی كرد كە ئەو دواكەوتنەوە لە ژماردنەوەی دەنگەكان رووی دا، رەنگە كێشەكانی سووكتر كردبێت، بۆیە پێشبینی دەكرێ چارەسەری هەبێت، بەتایبەتی لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەكانی لەلایەن هەرسێ سەرۆكایەتی و هەندێك سیاسەتوانان خراونەتە روو، كە رەنگە كلیلی چارەسەری تەنگژەكە بێت.

ساڵح عومەر، مامۆستای زانكۆ نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان لەوبارەوە گوتی، دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە، بەرژدی دەست بە قۆناغی گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت دەكەین، چونكە هەموو دیدار و كۆبوونەوەكانی پێشوو، تەنیا بۆ لێكنزیكبوونەوە و گوێگرتن بۆ بۆچوونی یەكتر بووە، بەڵام ئەوجارەیان گفتوگۆكان راستەقینە دەبن بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

هەر لەبارەی گفتوگۆكانەوە، د. ماجد شنگالی، كاندیدی براوەی پارتی لە بازنەی شنگال لە تویتێك نووسیویەتی، ئەگەر هات و حكوومەتی نوێ لەسەر بنەمای تەوافوقی پێشوو پێك بێت، ئەوە چارەنووسی شكست دەبێت، بۆیە پێویستە هێزە براوەكان حكوومەت بە پێوەر و تایبەتمەندی تەواو جیاواز لە حكوومەتەكانی پێشوو پێك بێنن، كە ئامانجی یەكەم و دوایینی خزمەتكردنی هاووڵاتی بێت، دوور لە دروشم و موزایەدەی گەل لێیان بێزار بووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل