دوای ئەوەی دوێنێ دادگای فرانكفۆرت سزای زیندانی تاهەتایەی بەسەر ئەندامێكی عێراقی رێكخراوی داعش سەپاند، بە تۆمەتی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان و كوشتنی كچێكی پێنج ساڵە، ماڵباتی ئەو كچە قوربانییە خۆشحاڵی خۆیان بۆ سزادانەكە دەربڕی، ئەوەی رووی دا ئاوڕدانەوە و دداننێكی گرنگ بوو بە تاوانێك ساڵانێكە دنیا لێی بێدەنگە.
تەحسین تەها، یەكێك لە كەسوكارانی (نورا)ی دایكی ئەو كچە ئێزیدییەی لە 2015 كوژراوە و ئێستە لە ئەڵمانیایە بۆ شایەتیدان لە كەیسەكە، كەسوكارەكەیشی لە كەمپێكی پارێزگای دهۆكن، تەها گوتی، هەست بە خۆشییەكی زۆر دەكەین بەهۆی دەرچوونی سزای سەر تەها جومەیلی تیرۆریست.
نورا لەبەردەم دادگایەكی ئەڵمانی چیڕۆكی گیانلەدەستدانی كچەكەی و نەهامەتییەكەی گێڕایەوە
زیاتر گوتی، نورا لەبەردەم دادگا ئەڵمانییەكە شایەتی لەدژی جومەیلی و جینیفەر فینیش، هاوسەرە ئەڵمانییە پێشووەكەی دا بەهۆی كوشتنی كچە شیرەخۆرەكەیەوە، بۆیە دادگاكە ئەوانی بە كوشتنی رانیای تەمەن پێنج ساڵە تۆمەتبار كرد و بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەقەڵەم دا، كاتێك زیندانی تاهەتایەی بۆ جومەیلی و زیندانی 10 ساڵی بۆ هاوسەرەكەی بڕییەوە.
تەها روونی كردەوە، رێكخراوی یەزدا رۆڵی گەورەی لە یارمەتیدانی نورا هەبوو بۆ گەیشتن بە ئەڵمانیا لە كەمپی قادیاوە لە دهۆك، بۆ ئامادەبوونی لەو دادگایە و پێشكەیشكردنی بەڵگە و نووسراوی پێویست بۆ دادگاكە لەدژی جومەیلی و هاوسەرە پێشووەكەی.
لەوكاتەی تا ئێستە هەزاران چەكداری داعش لە زیندانەكانی عێراقن و لەبەر هۆكاری نادیار دادگایی ناكرێن، تەحسین تەها داوای لە حكوومەتی عێراق كرد كە دادگایی بۆ چەكدارانی داعش ساز بكات، لەوانەی تاوانی كۆمەڵكوژیان لەدژی ئێزیدییەكان ئەنجام داوە، بە هاوشێوەی دادگا ئەڵمانییەكە.
نورای دایكی رانیای پێنج ساڵە، لەبەردەم دادگایەكی ئەڵمانی لە شاری میونخ، چیڕۆكی چۆنیەتی گیانلەدەستدانی كچەكەی و نەهامەتییەكەی گێڕایەوە، كاتێك لە 2015 لە شاری فەلووجە لە پارێزگای ئەنباری عێراق بە زنجیر بە رووی دەرەوەی پەنجەرەی ماڵی ئەو داعشە هەڵواسرا و بەهۆی بەرزیی پلەی گەرما و تێنوێتی گیانی لەدەست دا.
دوای ئەوەی چەكدارانی داعش لە 2014 هاوسەری نورا دەكوژن، خۆی و منداڵەكانی لەلایەن تەها جومەیلییەوە وەك بەندە و كەنیزەك دەبردرێن، بۆیە ئەوەی دوێنێ لە ئەڵمانیا كرا، وەك یەكەم دادگایی لەو جۆرە لە دنیا، كە تاوتوێی دۆسیەی ئەندامێكی داعش و تۆمەتباركردنی بە كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان و بەكۆیلەكردنی كچێكی بچووك و دایكی و دوای ئەوە كوشتنی كچەكە كرا، وەك راپۆرتێكی كەناڵی "یۆرۆ نیوز"ی ئەوروپی باسی كردووە.
دوێنێ سێشەم دادگای فرانكفۆرت لە ئەڵمانیا سزای زیندانی تا هەتایەی بەسەر ئەندامێكی رێكخراوی داعشی بە رەگەز عێراقی سەپاند، بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی كۆمكەڵكوژی لەدژی كوردانی ئێزیدی، وەك یەكەم سزای گرتن لە دنیا بەو ناوە، تاوانبار ناوی تەها جومەیلی 29 ساڵ بوو، لە 2013 پێوەندی بە داعشەوە كردووە، تاوانی كۆموڵكوژی و تاوان لەدژی مرۆڤایەتی و بازرگانیكردن بە مرۆڤ درایە پاڵ.
داواكاری گشتی رای گەیاند كە جومەیلی و جنیفەر وینیش، هاوسەرە پێشووە ئەڵمانییەكەی، لە 2015 ئەوكاتەی لە مووسڵ بوون، ژنێك و منداڵێكی ئێزیدیان وەك بەندە كڕیوە، دواتر چوونەتە فەلووجە، جومەیلی بەوە تاوانبار كراوە كە كچە پێنج ساڵەكەی بە زنجیر بە دەرەوەی پەنجەرەی ماڵەكەی بەستووەتەوە لە پلەی گەرمی زیاتر لە 50 پلەی سەدی و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.
هەرچی وینشی 30 ساڵە، لە دادگاییكردنێكی جیاواز لە تشرینی یەكەمی رابردوو بە تۆمەتی تاوان لەدژی مرۆڤایەتی و بەكۆیلەكردن و یارمەتیدان لە كوشتنی كچەكە و یارمەتی نەدانی، بلە 10 ساڵ زیندانیكردنی سزا درا، دایكی منداڵەكەیش (نورا)، كە چەندان جار لەسەر دەستی ئەندامانی داعش دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر، لەبارەی ئازاردانی كچەكەی لە دۆسیەكە شایەتی داوە.
ئەمڕۆ چوارشەم مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ستایشی بڕیاری دادگا ئەڵمانییەكەی لەبارەی بە تاوانبارناسینی چەكدارێكی داعش بە بڕیارێكی مێژوویی دانا، كاتێك لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیبووی، زۆر خۆشحاڵم بەو بڕیارەی دوێنێ دادگای ئەڵمانیا دەری كرد و تۆمەتی كۆمەڵكوژی و تاوانە دژە مرۆییەكان و تاوانی جەنگی لەسەر چەكدارێكی داعش ساغ كردەوە.
"ئەو بڕیارە پێشینەیەكی مێژووییە و دەرفەت دەداتە كۆمەڵگەی ئێزدی و رزگاربووانی تاوانەكانی دەستی داعش تا پەنا بەرنە بەر دادگا و برینیان بە هێنانەدی دادپەروەری سارێژ ببێت"، سەرۆك وەزیرانی كوردستان وای نووسیوە.
هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا رای گەیاند، دادگاییكردن و سزادانی تیرۆرستێكی داعش بە تۆمەتی جینۆسایدكردنی ئێزدییان لە ئەڵمانیا، هەنگاوێكی گرنگە، پێشوازی لێ دەكەین و هەموو پشتگیرییەك لە هەر هەنگاوێگی وا دەكەین، هیوادارم ئەو هەنگاوەی دادگا ئەڵمانییەكە، هاندەری زیاتری بەجێگەیاندنی دادوەری بێت بۆ قوربانیانی ئێزدی و هەموو قوربانیانی دەستی تیرۆر.