ئەمڕۆ لە بەغدا سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ دەبنەوە

:: AM:10:06:02/12/2021 ‌

بۆ توانەوەی بەستەڵەكی نێوانیان، بڕیارە ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی نووری مالیكی و رەوتی سەدر بە ئامادەبوونی موقتەدا سەدر، لە ماڵی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كۆ ببنەوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم دووی كانوونی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ لە ماڵی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، كۆبوونەوەیەكی فراوانی نێوان رەوتی سەدر بە ئامادەبوونی موقتەدا سەدر، لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەڕێوە بچێت، مەبەست لێی توانەوەی ئەو بەستەڵەكەیە كە لە نێوان هەردوولادا هەیە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار رای گەیاندووە، كۆبوونەوەكە لەكاتێكدایە بۆ ئاشتەوایی نێوان هەردوولا، خوانێكی تایبەت ئامادە دەكرێ و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە پێكەوە وێنە دەگرن.

ئەوە لەكاتێكدایە دوای ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ئەنجامی كۆتایی راگەیاند، رەوتی سەدر بە 73 كورسی، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبووسی بە 37 كورسی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی بە 33 كورسی، پارتی دیموكراتی كوردستان بە 31 كورسی. هاوكات هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری و هاوپەیمانی كوردستان هەریەكەیان 17 كورسییان بە دەست هێناوە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د