یانه‌ی لیڤه‌رپوول به بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره به‌سه‌ر ئێڤێرتۆن، ئامارێكی گه‌وره تۆمار ده‌كات و به پێش هه‌موو یانه‌كانی ئه‌وروپا ده‌كه‌وێت.
شه‌وی رابردوو له دێربیی مێرسیساید، له گه‌ڕی 14ی پرێمه‌رلیگ، لیڤه‌رپوول له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به 4-1 له یانه‌ی ئێڤێرتۆنی برده‌وه.
تۆڕی ئۆپتا بۆ ئاماره‌كان بڵاوی كرده‌وه، لیڤه‌رپوول ئه‌م وه‌رزه تا ئێسته 43 گۆڵی له خولی ئینگلته‌را تۆمار كردووه، ئه‌مه‌ش زۆرترینه له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر پێنج خوله گه‌وره‌كه‌ی ئه‌وروپا، له پێش یانه‌ی بایرن میونشنی ئه‌ڵمانیشه، كه ئه‌وان 42 گۆڵیان تۆمار كردووه.
لێڤه‌رپوول هه‌روه‌ها 25 گۆڵیان له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیاندا تۆمار كردووه، ئه‌مه‌ش زۆرترینه بۆ تیپێك، كه 7 یاریی له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا كردووه، كاتی خۆی له وه‌رزی 1961-1962 یانه‌ی بێرنلی ئه‌م ژماره گۆڵه‌كه‌ی له سه‌ره‌تای وه‌رزدا تۆمار كردووه.
هاوكات لیڤه‌رپوول یه‌كه‌م جاره 4 گۆڵ له دێربیی مێرسیساید (دێربیی نێوان لیڤه‌رپوول و ئێڤێرتۆن) تۆمار بكات، له‌وه‌ته‌ی تشرینی دووه‌می 1982، كه ئه‌وكات به 5-0 بردنه‌وه‌یان تۆمار كرد.
له پرێمه‌رلیگدا ئێسته لیڤه‌رپوول له پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندییه، دوو خاڵ له چێڵسیی پێشه‌نگ و یه‌ك خاڵیش له مانچێسته‌ر سیتیی خاوه‌ن پله‌ی دووه‌م دووره.
هه‌روه‌ها محه‌مه‌د سه‌ڵاح، كه شه‌وی رابردوو دوو گۆڵی كرد، ئێسته به 13 گۆڵ له پێشه‌نگی گۆڵكارانی خوله‌كه‌یه.