هەواڵێكی خۆش لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی ئۆمیكرۆنەوە

:: PM:07:56:02/12/2021 ‌

لەوكاتەی بەشێك لە شارەزایانی تەندروستی ئاماژە دەكەن، لە ماوەی چەند مانگێكی تر تیرەی ئۆمیكرۆن دەبێتە تیرەی زاڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا، كۆمپانیاكانی دەرمان و ناوەندەكانی توێژینەوە لە هەوڵی رووبەڕووبوونەوەی ئەو تیرە نوێیە بەر لە تەشەنەكردنی زیاتری بەردەوامن، كۆمپانیایەكی بەریتانی هەواڵێكی خۆش رادەگەیەنێت.

كۆمپانیای گلاسكۆ سمیس كلاینی بەریتانی ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند كە دەركەوتووە دەرمانەكەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، كاریگەری لەسەر ئۆمیكرۆنیش هەیە، ئەویەش لە رێگەی تاقیكردنەوە سەرەتاییەكاندا.
دەرمانەكەی گلاسكۆ لە ئەمەریكا و بەریتانیا و كەنەدا و ئوسترالیا و ژاپۆن بەكار دێت
ئەو كۆمپانیا دەرمانەی بەریتانیا بەهیوایە تا كۆتایی ئەمساڵ تاقیكردنەوەكانی تەواو بكات و لەوە دڵنیا ببێتەوە ئەو دەرمانەی كە پشت بە دژەتەنەكان دەبەستێت، كاریگەری لەسەر هەموو تیرەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە. بۆیە ئەو راگەیاندنەی ئەمڕۆی كۆمپانیاكە ئاماژەیەكی سەرەتاییە، كە هەندێك لە چارەسەرییەكانی دژ بە كۆرۆنا كاریگەری لەسەر تیرە نوێیەكەیش دەبێت.

سێشەمی رابردوو كۆمپانیای ریجینیرۆن بۆ دەرمان وریایی كە تێكەڵەی دژەتەنەكان رەنگە كاریگەری لەسەر ئۆمیكرۆن نەبێت، كە ئەو جۆرە چارەسەرییە تا ئێستەیش تاكە بژارەیە بۆ كەسانی تووشبووی ناوەند و سووك بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەوانەی نەبراونەتە نەخۆشخانە.

لەوكاتەی حكوومەتی ئەمەریكا ملیۆنان ژەمی چارەسەری بەدژەتەنی لە كۆمپانیاكانی گلاسكۆ و ریجینیرۆن و ئیلی لیلی كڕیوە و لە وڵاتەكە دابەشی كردووە، كاتێك دەرمانەكەی گلاسكۆ، كە پست بە دژەتەنەكان دەبەستێت، لە وڵاتانی تری وەك بەریتانیا و كەنەدا و ئوسترالیا و ژاپۆنیش مۆڵەتی بەكارهێنانی وەرگرتووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل