پارتی دیموكراتی كوردستان نیگەرانە لە دەستكارییكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و پێی وایە ستەم و نادادپەروەری بەرانبەر حیزبەكە و دەنگدەرانی كراوە، پسپۆڕ و چاودیرانیش پێیان وایە پارتی هەژموون و پیگەی مەزنی هەیە لە ناوچەكە و عێراقدا، ئەم حاڵەتەیش كاریگەری لەسەر پارتی نابێت.
د. سوفیان عەباس، ئەمینداری گشتیی كومەڵەی عەرەبی داكوكیكار لە مافەكانی مرۆڤ و پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی بۆ "وشە" گوتی، هیچ ئاسۆیەك بۆ رێككەوتنی لایەنە شیعەكان لە عێراق نییە، ئەوان ناتوانن وڵات بەرەو پێش ببەن و دەستی بكوژ و میلیشیاكان لە عێراق دوور بخەنەوە و كەشێكی هێمن دروست بكەن.
زیاتر گوتی، پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان رازی نەبێت بە لەدەستدانی ئەو دوو كورسییە، چونكە ستەمێكە لە دەنگدەرانی هەرێم و ئەو حیزبە كراوە و كاندیدەكانی دەنگی پێویستیان هێنا بوو بۆ ئەو دوو كورسییە.
پێویستە پارتی لە دادگای فیدرالی سكاڵا تۆمار بكات
"هەمووان باش دەزانن كە بەپێی ئەنجامەكان، ئەو دوو كورسییە لەبەردەم نوێنەرانی كۆمسیۆن و لایەنەكاندا بۆ پارتی یەكلا بووبووەوە، بۆیە پێویستە پارتی لە دادگای فیدرالی سكاڵا تۆمار بكات، بە دڵنیایی ئەم حاڵەتە كاریگەی لەسەر پێگە و هەژموونی پارتی لە گۆرەپانەكە نابێت، چونكە لە ناوچەكە و عێراقیش خاوەن بڕیارە"، سوفیان عەباس، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی وای گوت.
هەر لەمبارەیەوە حامید گەوهەری، نووسەر و لێكۆڵەر بە "وشە"ی گوت، ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست بۆ دەستكاریكردنی دەنگەكان بوو، بە دڵنیاییەوە ئەوەیش هۆكار بوو كە لە دەنگی پارتیان كەم كردووەتەوە، بۆ ئەوەی بەڵانسی لایەنەكان رابگرن.
روونی كردەوە، بەم دەستكاریكردنە ستەم لە پارتی و دەنگدەرانی كراوە، بەڵام هیچكات لە پێگە جەماوەرییەكەی دانابەزێت و هەژموونی لە مەیدانەكە كز نابێت و لەجێی خۆیدایە، بەڵام یەكێتی نیشتمانیی كوردستان سوود لە كورسییە زیادەكەی وەردەگرێت و لەناو هێزە عێراقییەكانیش هەر بەم جۆرە، ئەمەیش گەورەیی پارتی دەردەخات، كە هەمیشە لەخۆبردوو و گەورە بووە.
ئەو نووسەرە دووپاتی كردەوە، كۆبوونەوە و نزیكبوونەوەی لایەنەكان بەرەو پێكهێنانی حكوومەت دەچێت، بەڵام ماوەكەی دیاری ناكرێت و دیار نییە كەی پێك دێت و هیچ شتێك لە عێراق مسۆگەر نییە.
ئەمڕۆ راگەیاندراوی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی دەستكاریكردنی دەنگەكان و لەدەستدانی دوو كورسی بڵاو كرایەوە، پارتی سەركۆنەی ئەو كارە دەكات و پێی وایە ستەم لە حزبەكە و دەنگدەرانی كراوە و پرۆسەكەی خستووەتە ژێر پرسیار.
پارتی ئەم دەستوەردان و گۆڕانكاری و پێشێلكارییانە رەت دەكاتەوە و داكۆكی لە مافی كاندید و دەنگدەران دەكات، بە پێویستیشی دەزانێت مافی زەوتكراویان بۆ بگەڕێتەوە، لەو روانگەیەوە و لەپێناو دادپەروەری و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافەكان، بە رێكاری یاسایی بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان لەپێناو دەستەبەركردنی ئەو مافانە و لابردنی پێشێلكارییەكان، هەنگاوەكانی داهاتوویشیان لە كاتی خۆی دا رادەگەیەنن.
شارەزوور/ ئاسان محەمەد