یونامی له‌ باره‌ی پێشمه‌رگه‌وه‌ په‌یامێكی به‌ په‌له‌ى بڵاو كرده‌وه‌

:: PM:03:11:03/12/2021 ‌
نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، له‌باره‌ى په‌لاماره‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی ڕێكخراوى تیرۆرستى داعش بۆ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، په‌یامێكی به‌ په‌له‌ى بڵاو كرده‌وه‌.

نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق ڕاى گه‌یاندووه‌، "سەره‌خۆشی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی ئەوانە دەکەین، کە لە هێرشە قێزەونەکەی شەوی ڕابردووی مەخمووردا گیانیان لە دەست دا و هیوای هەرچی زوو چاکبوونەوەیش بۆ بریندارەکان دەخوازین".

زیاتر هاتووه‌، "بێگومان پتەوکردنی هاوئاهەنگی و هاوکاریی لە شەڕی ئێسته‌ی دژی تیرۆریستانی داعشدا گرنگه‌".

دره‌نگانى شه‌وى ڕابردوو چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش پەلاماری گوندی خدرجیجەیاندا، لە ئاکامدا سێ کوڕی موختاری گوند، دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و دوو ئافرەتیش برینداربوون، دواتریش بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێڵێکی هێزی پێشمەرگەدا تەقیوەتەوە و حه‌وت پێشمەرگەى تر به‌ناوه‌كانى /رائید نه‌فی خولە - نەقیب فەخرەدین سەعید - سەنگەر شەریف - کامەران پوشۆ - یاسین محەمەد - نازم ڕەزا - شوکر ئەبو زێد/ شەهیدبوون.


وشە - محەمەد میران