فازڵ میرانی راستییەكان ئاشكرا دەكات كە بەڵگەیان هەیە

:: PM:12:29:04/12/2021 ‌
فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە دەسەڵاتی هیچ كەسێك نییە دەنگی دەنگدەر پووچ بكاتەوە، بەڵگەی یاسایی و شارەزامان هەیە و لە خۆمانەوە قسە ناكەین كە كورسیمان بە تاڵان براوە.

ئەمڕۆ شەموو چواری كانوونی یەكەم، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە میدیاكانی ڕاگەیاند، بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دوو كورسیی پارتی لە هەولێر و نەینەوا بەتاڵان براون، هەروەها برادەرانی یەكێتی دەڵێن ئێمە بەتاڵانمان نەبردووە، ئێمە باسی یەكێتیمان نەكردووە، باسی ئەوانەمان كردووە كە دەسەڵاتیان هەبووە و كورسییەكانی ئێمەیان تاڵان كردووە، بۆ ئەوەش ڕێی یاساییمان گرتووەتەبەر و بەڵگەی یاسایی و شارەزامان هەیە و لە خۆمانەوە قسە ناكەین.

ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، ئێستە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هەندێك هەنگاوی هاویشتووە كە دەسەڵاتی ئەو نییە، دەسەڵاتی هیچ كەسێك نییە دەنگی دەنگدەر پووچ بكاتەوە، من كە جارێك دەنگم داوە، بۆچی دەنگەكەم پووچ بكرێتەوە، ئەوە دەستووریش ڕێی پێ نادات.

سكرتێری مەكتەبی سیاسی باسی لەوەش كرد، بەپێی ڕێنوێنییەكان لە هەنگاوە یاساییەكان بەردەوام دەبین و لە عێراقیش هەموو شتێك چاوەڕێ دەكرێت.

لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی ڕای گەیاند، بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو، جارێ هیچمان نەكردووە تا ئەنجامەكان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسند نەكرێن، كە پەسند كرا، ئەوسا ئێمە جووڵە دەكەین و ئەوە ماڵی شیعەش خەریكە پێكەوە كۆ دەبنەوە، ئێمەی كورد ناكەوینە ناو دوو بەرداشەوە، بەتایبەتی لەبارەی ناوماڵی خۆمان، هەقە لە پێشدا ئێمە و یەكێتی ناوماڵی خۆمان ڕێك بخەین، ئینجا بچین لەگەڵ خەڵكی تریش قسە بكەین.




وشە - رامیار جەواد