كاروانێكی تری پەنابەری بیلاڕووسیا دەگەڕێنەوە هەولێر

:: PM:03:05:04/12/2021 ‌

بڕیارە ئەمڕۆ كاروانێكی تری پەنابەرانی كورد كە لە بیلاڕووسیا بوون، بگەڕێنەوە بۆ هەولێر، بەمەیش ژمارەی كۆچبەرانی گەڕاوە نزیك دەبێتەوە لە دوو هەزار و 500 پەنابەر.

ئەمڕۆ شەموو چواری كانوونی یەكەم، زێبار قەهار برای یەكێك لەو پەنابەرانە، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بڕیارە كاروانێكی تری پەنابەر بە خواستی خۆیان بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، براكەی منیش لەناویاندایە.

ئەو هاووڵاتییە گوتی، بێ‌ هیوابوون و مانەوە لەسەر سنوورەكان بۆ ماوەی 30 ڕۆژ، وایكردووە براكەم گەڕانەوە هەڵبژێرێت و ژیانێكی نوێ‌ دەست پێ‌ بكاتەوە.

بەپێی ئەو داتایانەی دراون بە "وشە"، ئەمڕۆ لە فڕۆكەخانەی هەولێر، ئەو كۆچبەرانە دەگەڕێنەوە و ژمارەیان 420 بۆ 425 كەس دەبێت.
 
بڕیاریشە ئەو فڕۆكەیە سەعات حەوتی ئێوارە لە فڕۆكەخانەی هەولێر بنیشێتەوە، بەمەیش حەوتەمین گەشتی پەنابەران بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر تۆمار دەكرێ‌.

هێنانەوەی كۆچبەران بە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، تا ئێستە دوو هەزار و 302 كۆچبەر گەڕێنراونەتەوە كە كۆچبەری كورد بوون، بە ئارەزوومەندانە لە سنووری بیلاڕووسیا گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان.

ئەو كاروانەی ئەمجارەی كۆچبەران، بەشێكن لەو كەسانەی لەسەر سنووری بیلاڕووسیا هەوڵی پەڕینەوەیان دەدا بۆ پۆڵەندا، بەڵام دوای داخستنی سنوورەكان بەڕوویان، ئێستە بێ هیوا بوونە و هەوڵی گەڕانەوە دەدەن.



 



وشە - رامیار جەواد