بەهۆی ململانێی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و توركیا، كە بەردەوام شەڕ و پێكدادانیان هەیە و خاكی هەرێمی كوردستانیان كردووەتە گۆڕەپانی ئەو رووبەڕووبوونەوەیان، بەو هۆیەوە خەڵكێكی زۆر لە گوندە سنوورییەكان بووەنەتە قوربانی، ئەوان جیا لە ترس و تۆقین و زیانی گیانییەوە، ناتوانن سەردانی رەز و باخەكانیان بكەن.
پەكەكە، حزبێكی باكوری كوردستانی چەپە و لەسەر بنەمای هزری ماركس و لینینییەوە لە ساڵی 1978 دامەزراوە، چەكدارانی لە چیای قەندیل نیشتەجێن، لە ساڵی 1992 روویان لە شارەدێی سیدەكان و ناوچە سنوورییەكانی تری هەرێمی كوردستان كردووە و چەندان ساڵە لەگەڵ توركیا شەڕ و ناكۆكییان هەیە.
شێرزاد خورشید، چالاك لە ئیدارەی سۆرانە بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە دەیەوێ بە خەڵكی كوردستان بڵێ هەژموون و هێزم هەیە و بەرگریكاری دژی توریا دەكەم و جەنگ لەپیناو كورد و كوردایەتی دەكەم، چەند رۆژێكیشە چەكدارانی لە ناوچە سنوورییەكان، بەتایبەتی لە سیدەكان، بە شێوەی پارتیزانی تەقە لە سەربازانی تورك دەكەن، بەو كارەیشیان سوپای توركیا زیاتر پەلكێشی دەڤەرەكە و كوردستان دەبێت.
پەكەكە پاساوی بەردەوامی توركیایە بۆ مانەوە و تێكدانی سەقامگیری هەرێمی كوردستان
زیاتر گوتی، ئەم جۆرە كارانەی پەكەكە زیان بە هەرێمی كوردستان و گوندە سنوورییەكان دەگەینێت، چونكە پاساو و بەهانە دەداتە سوپای توركیا كە لە خاكی هەرێمی كوردستان نەكشێتەوە و ئارامی تێك بدەن .
"پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی پەكەكە رابگرێت، چونكە گەر ئەوان دەیانەوێ خەبات بكەن، فەرموون ئەوە باكور و توركیایش لە تەنگژەیەكی تەواودایە، با بڕۆن لەوێ درێژە بە خەباتیان بدەن و ئێمەیش دەستخۆشیان لێ بكەین و پشتگیریان بین" ئەو چالاكەی ئیدارەی سۆران وای گوت .
ئەوە لەوكاتەی سەرچاوەیەكی تەناهی لە سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بۆردمان و تۆپبارانی توركیا و درۆنەكانی، چەكدارانی پەكەكە هیچ بنكە و بارەگایەكیان بە دیاركراوی نەماوە، بەڵام ماوە ماوە بە سوودبینین لە خراپیی كەشوهەوا، تەقە لە بارەگاكانی سوپای توركیا دەكەن، بەو هۆیەوەیش بۆردمانی دەڤەرەكە دەكرێت .
زیاتر گوتی، پێویستە چەكدارانی پەكەكە رەچاوی دۆخ و گوزەرانی خەڵكی ناوچە سنوورییەكان بكەن، چونكە زیانی زۆریان بەهۆی ئەو شەڕ و پێكدادانەی نێوان توركیا و پەكەكە پێ گەیشتووە.
شارەدێی سیدەكان كەوتووەتە سێگۆشەی سەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئێران، بە دووری 144 كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، خاوەنی 250 گوندە و زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی بوونی پەكەكە و بۆردمانی توركیا و ئێرانەوە ئاوەدان نەكراونەتەوە، لە 20 ساڵی رابردوویش بەو هۆیەوە دەیان كەس لە دەڤەری برادۆست بوونەتە قوربانی.