له یارییه‌كی جه‌ماوه‌ری و به‌هێزدا، یانه‌ی هه‌ولێر له یانه‌ی شوڕته‌ی برده‌وه و خۆی گه‌یانده قۆناغی هه‌شتی پاڵه‌وانیه‌تیی جامی عێراق.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌موو، چواری كانوونی یه‌كه‌م، له قۆناغی 16ی جامی عێراق له تۆپی پێ، یانه‌ی هه‌ولێر رووبه‌ڕووی یانه‌ی شوڕته بووه‌وه، كه یه‌كێكه له یانه گه‌وره و جه‌ماوه‌رییه‌كانی عێراق.
یارییه‌كه به ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێكی زۆری یانه هه‌ولێر و هه‌روه‌ها نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س له هانده‌رانی شوڕته له یاریگه‌ی فڕانسۆ هه‌ریری به‌ڕێوه‌چوو.
له ئه‌نجامیشدا یانه‌ی هه‌ولێر به لێدانه‌كانی یه‌كلاكه‌ره‌وه به 4-3 گۆڵ بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد، دوای ئه‌وه‌ی كاتی ئاسایی یارییه‌كه به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات.
یارییه‌كه بۆ هه‌ردوولا تا راده‌یه‌ك هاوسه‌نگ بوو، یانه‌ی هه‌ولێر به گشتی توانی به‌رانبه‌ر شوڕته بوه‌ستێته‌وه، هه‌رچه‌نده ئاستێكی زۆرباشی پێشكه‌ش نه‌كرد، به‌ڵكو هێرشه‌كانی یانه‌ی شوڕته مه‌ترسیدارتر بوون، به‌ڵام رێباز عه‌بدوڵڵای گۆڵپارێز سه‌ركه‌وتوو له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشه‌كان و هێڵی به‌رگرییش به گشتی باش بوون.
له لێدانه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كانیشدا یانه‌ی هه‌ولێر توانی 4-3 گۆڵ براوه بێت و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، كه به‌م ئه‌نجامه هه‌ولێر خۆی گه‌یانده قۆناغی هه‌شتی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه و یانه‌ی شوڕته‌ش كرایه ده‌ره‌وه.
پێویسته ئاماژه به‌وه بكرێت، له دوای یارییه‌كه هه‌ندێك گرژی له نێوان هانده‌رانی هه‌ولێر و شوڕته روویدا، هانده‌رانی شوڕته هه‌ندێك له كورسییه‌كانی یاریگه‌یان شكاند، به‌ڵام بارودۆخه‌كه زوو كۆنتڕۆڵ كرا.
هاوكات به‌شێكی زۆری هانده‌رانی یانه‌ی هه‌ولێر هاتنه ناو لاكێشه‌ی سه‌وزی یاریگه بۆ پیرۆزبایی له یاریزانانی تیپه‌كه‌یان و ئاهه‌نگیان گێڕا، به‌ڵام ئه‌م كاره‌یان له‌گه‌ڵ رێنوێنییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی یاری ناگونجێت و كارێكی باش نه‌بوو.
یانه‌ی هه‌ولێر هه‌لێكی باشی بۆ ره‌خسا به‌ره‌و قۆناغی كۆتایی جامی عێراق بچێت، یاریی داهاتووی به‌رانبه‌ر یانه‌ی كه‌رخه له قۆناغی هه‌شتدا، كه ئه‌وانیش ئه‌مڕۆ له یانه‌ی دیاله‌یان برده‌وه به 2-1 گۆڵ.
یانه‌ی زاخۆ گه‌یشته قۆناغی هه‌شت
هه‌ر له قۆناغی 16ی جامی عێراق، یانه‌ی زاخۆ له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا بردنه‌وه‌یه‌كی گرنگی تۆمار كرد و گه‌یشته قۆناغی هه‌شت، دوای ئه‌وه‌ی به 4-1 گۆڵ به لێدانه‌كانی یه‌كلاكه‌ره‌وه له یانه‌ی نه‌فتی وه‌سه‌تی برده‌وه، كه كاتی ئاسایی یارییه‌كه به 1-1 گۆڵ كۆتایی هات.